بافڵ تاڵەبانی: مێژوو سەلماندوویەتی كە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بافڵ تاڵەبانی بە بۆنەی 242ـەمین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی شارەكە كرد و ڕایگەیاند، سلێمانی تەنها جوگرافیایەك نییە، بەڵكو ڕۆحێكی زیندوو، بیرێكی ئازاد و قەڵایەكی لەبننەهاتووی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و نادادییە، بە شانازییەوە یادی هەموو ئەو شۆڕشگێڕ، شاعیر، ئەدیب و هونەرمەندانە دەكەینەوە كە ناسنامەی پایتەختی ڕۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانییان بە سلێمانی بەخشی.
سەرۆكی یەكێتی ڕایشیگەیاند: مێژوو سەلماندوویەتی كە سلێمانی بە پیلان و پەراوێزخستن لاواز نابێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواكانی نابێت، شایستەترین وەفاداری بۆ قوربانیدانی ئەم شارە و خەڵكەكەی، وتنەوەی قسە و دروشم نییە لە دوورەوە، بەڵكو كاركردنی كرداری، بووژانەوەی ئابووری و گەیاندنی زۆرترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە بە هەموو گەڕەك و كۆڵانێكی.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا، بافڵ تاڵەبانی وتی: بەڵێنمان بۆ سلێمانی و خەڵكە سەربەرزەكەی ئەوەیە كە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادی و مافەكانیان دەبین، ڕێگە نادەین هیچ نادادییەك بەرامبەر ئەم شارە بكرێت و كاروانی گەشەپێدانی سلێمانی بەرەو لووتكە دەبەین.