وادەی كۆتایی هاتنی شەپۆلی گەرما راگەیەندرا

13/08/2019 عێراق

نەوا
دەستەی كەشناسی عیراق رایگەیاند، شەپۆلی گەرما تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە عێراق بەردەوام دەبێت.
لە راگەیەندراوێكدا، دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق بڵاویكردوەتەوە" ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە پارێزگاكانی عێراق كردوە، كاریگەرییەكەی تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوامدەبێت و دواتر كۆتایی دێت".
دەستەكە ئاماژەی بەوەشكردووە "پلەكانی گەرما لە هەریەكە لەشارەكانی بەغداد و سەڵاحەدین و ئەنبار و كەربەلا دەگاتە نزیكەی 50 پلەی سەدی، لە پارێزگاكانی موسڵ و دیالە و واست و كەركوكیش 45 پلەی سەدی دەبێت".
سەبارەت بە پارێزگاكانی هەرێم، دەستەكە ڕایگەیاندووە "لە دهۆك و سلێمانی و هەولێر پلەكانی گەرما لەنێوان 40 بۆ 43 پلەی سەدیدا دەبن".
لەراگەیەندراوەكەدا، دەستەی كەشناسی هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان و داوادەكات "لەكاتی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لەماڵەكانیاندا بمێننەوە، یان روو لەشوێن و هەوارگە فێنكەكان بكەن بۆئەوەی كاریگەری لەسەر تەندروستیان نەبێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group