"چاوەڕواندەكرێت لیژنەی پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاسای چاكسازی كۆببێتەوە"

پێش 4 هەفتە
د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت: " ئەو لیژنەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای چاكسازی لە موچە و خانەنشینی و دەرماڵەكان دروستیكردووە چاوەڕواندەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوە ئەنجامبدات".
د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لیژنەی ئامادەكردن و پێداچونەوەی یاسای چاكسازی كە لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە پێكهێنراوە چاوەڕواندەكرێت لەرۆژانی داهاتوو كۆبوونەوەی یەكەم ئەنجامبدات و دوای كاركردن لەسەر پرۆژە یاساكەش بێگومان هەماهەنگی دەبێت لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان چونكە لە كۆتاییدا لە پەرلەمان دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكە دەكرێت، بۆ ئەوەش دەبێت كۆدەنگی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی تێدابێت بە تایبەت ئەو لایانانەی حكومەتیان پێكهێناوە.
جەختی لەوەشكردوە، لە كۆبوونەوەی یەكەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەكەدا نین بەڵام هەماهەنگی هەیە لەبارەی پرۆژە یاسای چاكسازی و ئەوەش لە پێناو ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان كێشەی بۆ دروست نەبێت.
سەبارەت بەوەی ئایا پرۆژە یاساكە هەمان پرۆژەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو گۆڕانكاری تێدا دەكرێت یاخود پرۆژە یاسایەكی نوێ دیاری دەكرێت، د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا وتی: "بێگومان پرۆژە یاساكەی پێشتر دەبێتە بنەما بەڵام رەنگە كەمێك كێشەی یاسایی دروستبێت بەهۆی ئەوەی چەند ماددەیەكی پرۆژە یاساكەی پێشتر دەنگی لەسەر دراوە، بۆ ئەوەش دەبێت لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی یاسایی كۆبوونەوە بكرێت تاوەكو بزانرێت ئەوەی دەنگی بۆ دراوە بووەتە یاسای یاخود نا، بەهەرحاڵ لە كۆبوونەوەی یەكەمی لیژنەكە بەرچاو رونی زیاتر دەبێت لەوبارەیەوە.
باسی لەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی سەرۆكی لیژنەی پرۆژە یاسای چاكسازی وەزیری "داد"ەو ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانە پێویستە یەكەمجار سیاسیەتی حكومەت رونبكەنەوە هەر گۆڕانكارییەكیش لە یاساكە بكرێت دەبێت لە ژێر رۆشنایی هێڵە گشتییەكان حكومەت بێت ئەوەی سەرۆك وەزیران لە دانیشتنی متمانە پێدانی لە پەرلەمانی كوردستان خوێندییەوە، دوای رونبوونەوەی ئەو بەرنامەیە ئێمەش دەتوانین هاوكاری بین لەوەی حكومەت دەیەوێت پرۆژەكە فراوانتر بكات و گشتگیرتر بێت یاخود لەسەر ئەو ماددانە دەوەستێتەوە كە لە پرۆژەكەی پێشتر هەبووە بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەی حكومەتی دەیەوێت پرۆژەكە گشتگیر تر بكات، بەڵام خاڵ سەرەكی ئەوەیە كۆدەنگی لەسەر بێت تاوەكو لەدوای دەنگدان بۆ پرۆژە یاساكە كێشە دروست نەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group