عادل عەبدولمەهدی: دەمانەوێت بگەین بەچارەسەرێك كە دانیشتوانی هەرێم و عێراقیش پێی ڕازیبن

19/09/2019 عێراق
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق

نەوا
سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد، لەبارەی كەركوكەوە نزیكن لەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەن بە چارەسەر بۆ ئیدارەدانی پارێزگاكە، دەشڵێت، "گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بگەن بە چارەسەرێك لەگەڵ هەرێمی كوردستان".
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ چەند میدیایەكی عێراقی و عەرەبی، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغداد وتی: "خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشێكن لە گەلانی عیراق، بۆیە كێشەكانی ئەوانیش دەبێت وەكو كێشەی هەر هاوڵاتییەكی دیكەی عیراقی لەچوارچێوەی دەستوردا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت و ئەوانیش مافی خۆیانیان هەیە لەم وڵاتە".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕو: "ئێمە پەوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمدا لەژێر ڕۆشنایی دەستوردا بونیادناوەو هەر ئاواش بەردەوامدەبێت، لەدەستور لانادەین و پێشێلی ناكەین و خەڵكی هەرێم پشتگوی ناخەین".
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەدرێژەی دیمانە تەلەفزیۆنیەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا، "لەیاسای بودجەدا هاتوە، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بەناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەوا پێویستە لە بەشە بودجەی هەریم ببڕدرێت، ئێمەش بە بەهای ئەو 250 هەزار بەرمیلەمان لەبودجەی هەرێم بڕیوە، بەڵام دەبێت بەردەوامبین لەگفتوگۆكردن لەگەڵ هەرێمدا، كە ئەمڕۆش گفتوگۆكراوە، بۆئەوەی بگەین بەچارەسەرێك".
هەروەها وتیشی: "لەساڵی 1991 هەرێمی كوردستان، وڵاتێكی دیكەبوو سەربەخۆش بوو، سنور و كاركردن و مامەڵەی بۆخۆی ئەكرد و پەیوەندی لەگەڵ عیراق پچڕابوو، بەڵام دواتر ئەوە چارەسەركراو ئێستا وڵاتەكەمان یەك وڵاتە".
لەبارەی ئەوەی كێشەكان لەگەڵ هەرێم چارەسەر ناكرێن و سەرۆكوەزیرانیش گوایە بەرامبەر هەرێم لاوازە، عەبدولمەهدی وتی: "لەئێستادا لەسەر كێشەكانی كەركوك، تا ڕادەی 50% گەیشتوینەتە چارەسەر بۆ كێشەكانی دیكەش لە گفتوگۆداین، ئەو كەسانەشی كە هەر قسەیەك دەكەن لەسەر تۆمەتباركردنم و ئێمە بە گەندەڵ و لاواز و یان هەبوونی كێشەی گەورە لەگەڵ هەرێم ناودەبەن، ئەوا وەك بەشێك لە دیموكراسی و مافی ڕادەربڕین وەریدەگرین و وەڵامی هەموو شت نادەینەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group