لوبنان بەرەو مانگرتنی سەرتاسەری دەڕوات

07/11/2019 جیهان

نەوا
لە بەیروتی پایتەخت و چەند شارێكی دیكەی لوبنان خۆپیشاندان بەردەوامە، خوێندكاران بەشدارن لە خۆپیشاندانەكاندا و لە هەندێك ناوچە تا یەكشەممەی داهاتو قوتابخانەكان لە بایكۆتدا دەبن، داوا لە دامەزراوەكانی دیكەش دەكرێت كارەكانیان رابگرن.
ئەمڕۆ لە 22هەمین رۆژی خۆپیشاندانەكاندا، لە تەواوی لوبنان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامیی هەیە، لە بەیروت خۆپیشاندەران رێگای بەردەم وەزارەتی پەروەردەیان گرتووە، بەشێكی زۆری خوێندكارانیش بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكانی بەیروت و زۆربەی شارەكانی دیكەدا كردوە.
لە شاری تەرابلوس-یش خۆپیشاندەران بەردەم بانكەكان و دامەزراوەكانی دیكەیان گرتوە و داوا لە فەرمانبەران دەكەن دەرگای دامەزراوەكان دابخەن و پشتگیریی خۆپیشاندەران بكەن.
بڕیاریشە ئەمڕۆ لە چەند شارێكی لوبنان وێنەی سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكان لە شوێنە گشتییەكاندا لێبكرێتەوە.
هەروەها لە شاری (صەیدا) لە باشوری لوبنان، تەواوی قوتابخانە حكومی و تایبەتەكان بایكۆتیان لە دەوام راگەیاندوە و تا رۆژی یەكشەممەی داهاتو ناچنەوە پۆلەكانی وانە خوێندن و داوای پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەری نیشتمانی دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group