جوتیار عادل: بۆ دابەشكردنی موچەی وەزارەت و دامەزراوەكانی تر چاوەڕێی پارەكەی بەغداین

26/03/2020

نەوا
جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت، وەزارەتەكانی پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ناوخۆ موچەیان وەرگرتوە و بۆ وەزارەت و دامەزراوەكانی دیكە چاوەرێی هاتنی تەمویلەكەی بەغداین، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستییە و راگرتنی دەوامەوە، هاتنی پارەكەی بەغدا دواكەوتوە.

دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی دونیادا، كۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی دۆخێكی سەختی تەندروستی و ئابووری كرد و هەرێمی كوردستان بەدەر نیە لەو دۆخە نەخوازراوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیاندا هەموو تواناكانی لە پێناو رووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە خستووەتەگەڕ و هاووڵاتیان دڵنیادەكاتەوە كە پاراستنی گیانیان ودابینكردنی گوزەرانی ژیانیان لە پێشینەی ئەركەكانیدایە.
سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە، وەزارەتەكانی (پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی و ئابوری، ناوخۆ) مووچەیان وەرگرتوە و لە گوژمەی پێویست لە داهاتی هەرێم دابین كرابوو، بۆ وەزارەت و دامەزراوەكانی تر چاوەرێی هاتنی تەمویلەكەی بەغداین، هەركاتێك گەیشت، راستەوخۆ دەست دەكەین بەدابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانی تر بە میكانیزمێك كە ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەكان بكرێت.
سەرجەمی مووچەی موچەخۆران بۆ هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستاندا بریتییە لە ٨٩٤ ملیار دینار، لەو بڕە ٤٥٣ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەكرێت، كە دەكاتە نزیكەی ٥١٪ كۆی پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تەندروستیە و ڕاگیرانی دەوامەوە لەبەغدا، هاتنی ئەو تەمویلە دواكەوتووە، بۆ ئەو مەبەستە بەرێز وەزیری دارایی وئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی دارایی  حكومەتی فیدرال بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو تەمویلەمان بەدەست بگات بۆ تەواوكردنی دابەشكردنی خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان.
حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەنگاوەكانی بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم پەتایەو كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان.  سوپاسی هاووڵاتیان و دانیشتووانی هەرێم دەكەین كە تاكو ئێستا بە سەبر بوونە لەگەڵمان. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا هاوكاری یەكتر بین تاكو هەموو پێكەوە بەسەر مەترسیی ئەم پەتایە و كاریگەرییەكانی زاڵ ببین. بۆیە چاوەڕوانین گشت لایەنەكان واقیعیانە دۆخەكە لێكبدەنەوە و ئەم رەوشەی هاتووەتە پێش نەكرێتە كەرستەی موزایەداتی سیاسی. ئەم هەرەشەیە تەنیا لەسەر حكومەت یان لایەنێكی سیاسی نیە، گشتمان پێكەوە ئامانجی ئەم پەتایە و لێكەوتە نەرێنیەكانین، بۆیە پێكەوەش دەتوانین بەسەر ئەم مەترسیە زاڵ ببین.

د. جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٦ ئاداری ٢٠٢٠


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group