دووشەممەی خۆپیشاندان لە كوردستان بەڕێوەچو

پێش 4 هەفتە

نەوا 
رۆژی دووشەممە لە یەككاتدا لە هەولێر و سلێمانی و رێگای سەرەكی نێوان هەردوو شارەكە خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەچو.
لەو چوارچێوەیەدا لە شاری هەولێر، جوتیاران دژی ساغ نەبونەوەی بەرهەمەكانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تەماتەكانیان لەسەر شەقامەكان فڕێدا و رێگای هاتوچۆیان داخست.


هەرچەندە حكومەتی هەرێم بۆردێكی باڵای بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پێكهێناوە بۆ پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام ماوەیەكی زۆرە جوتیاران كێشەی ساغ نەبونەوەی بەرهەمەكانیان هەیە، ئێستاش كە وەرزی پێگەیشتنی بەروبومیانە، زۆرێكیان یان بە نرخێكی زۆر رەمزی دەیفرۆشن یان لە ناو كێڵگەكانیاندا بەرهەمەكانیان فڕێدەدەن.
لەلایەكی دیكەوە دژی كەمكردنەوە و دواكەوتنی موچە، بەشێك لە كارمەندانی هاتوچۆ و هاووڵاتیان و ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.


لە خۆپیشاندانەكەدا بەشداربوان دژی كەمكردنەوە و دواكەوتنی موچە ناڕەزاییان دەربڕی و بە رێپێوان لە بەردەم باخی گشتی سلێمانییەوە بەرەو نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان بەرێكەوتن.
هەر رۆژی دووشەممە بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵكی چەند گوندێكی ناحیەی خەلەكان رێگای سلێمانی-هەولێر داخرا.
دانیشتوانی گوندەكانی باقلان، كانی مازوو، رووبار و باداوان-ی ناحیەی خەلەكان سەر بە قەزای دوكان بەهۆی نەبوونی، خزمەتگوزاری و تەواو نەبوونی چاككردنەوەی رێگەكەیان، رێگای سلێمانی-هەولێریان داخست و بە دانانی بلۆك لەسەر رێگاكە، هەوڵی گەیاندنی دەنگی ناڕازی خۆیان بە بەرپرسانی ناوچەكە دەدا.


بەشداربوانی خۆپیشاندانەكە ئاماژەیان بەوە دا، رۆژانە لە شەشی بەیانی تا دووی پاشنیوەڕۆ كارەبایان لێدەبڕن، هاوكات ماوەی ساڵێك زیاترە كاركردن لەسەر شەقامی جوتساید لە نزیك گوندی كانی وەتمان سەربە ناحیەی خەلەكان وەستاوە و زۆرێك لە چێشتخانە و دوكانەكانی ئەو ناوچەیەش زیانی زۆری ئابورییان بەركەوتوە، بۆیە داوا دەكەن یان بهێڵن خۆیان كاری تیادا بكەن یان كاركردن تیایدا دەستپێبكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group