سەرۆكی پەرلەمانی عیراق داوای پێشخستنی هەڵبژاردنی گشتی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكات

01/08/2020 عێراق

نەوا

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق داوا دەكات كاتی هەڵبژاردنەكە بخرێتە پێشتر و بەرلەوەش پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە.
حەلبوسی پێیوایە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتو وادەیەكی دورە بۆ هەڵبژاردنی گشتی و لە رێی هەژماری خۆیەوە لە تویتەر داوا دەكات وادەكەی پێشبخرێت و دانیشتنێكی كراوەی پەرلەمانیش بۆ تاووتوێكردنی ساز بكرێت.
سەرۆكی پەرلەمان جەختدەكاتەوە، حكومەتەكانی پێشوی عیراق بەرنامەكانی كابینەكانیان جێبەجێ نەكردوە و لە دێڕی سەر كاغەزەكان زیاتر نەبون، بۆیە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵك بەهۆی كەمی خزمەتگوزاری و نەبونی بنەماكانی ژیانێكی شایستە، بەردەوام بوە.
دەشڵێت "لەپێناو عیراق و لە روانگەی وەفاداری بۆ قوربانیدانی رۆڵەكانی، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەتر دەكەم، سەرەڕای ئەنجامدانی دانیشتنێكی بەپەلەی كراوە و ئاشكرای پەرلەمان بە ئامادەبونی سێ سەرۆكایەتییەكە و هێزە سیاسییەكان بۆئەوەی بەپێی رێوشوێنەكانی مادەی 64ی دەستوری عیراق، كە تاكە رێچكەی دەستورییە، هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و هەموولایەكیش بزانێت چی بەرپرسیارێتییەكی لەئەستۆیە و بەرپرسیارێتییەكەشی لەبەردەم گەلدا هەڵبگرێت".
بەگوێرەی مادەی 64 لە دەستوری عیراق، ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەوەشێنرێتەوە و لە ماوەی 60 رۆژی دواتردا دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامدرابێت، لەو ماوەیەشدا ئەنجومەنی وەزیران بە دەستلەكاركێشاوە هەژمار دەكرێت و كارەكانی رۆژانەی بەڕێوەدەبات.

لەم نێوەندەدا سەلیم شوشكەیی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق جەختدەكاتەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بەچەند رێكارێكە، دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنیش لەلایەن سەرۆك كۆمارەوەیە نەك سەرۆك وەزیران.
هەرچەندە سەرۆك وەزیرانی عیراق وادەی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی دیاریكردوە، بەڵام سەلیم شوشكەیی رایگەیاندووە، هەڵبژادنی پێشوەختە پێویستی بەچەند رێكارێكە لەوانە، تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەنگدانی كۆتایی لەسەری، لەئێستادا ئەو یاسایە ماویەتی تەواو بكرێت، چونكە ئەو خشتەیەی چڕی دانیشتوان دیاری دەكات، تەواو نەبووە و دەنگی لەسەر نەدراوە، پاشان هەمواركردنی یاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات، ماویەتی.
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عيراق روونیكردۆتەوە، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی كۆمارەوە دەبێت، نەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بۆیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێكارانە، هەڵبژاردن لەعێراقدا ناكرێت و چوارچێوەی یاسایی وەرناگرێت.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group