په‌رله‌مانتارێكی عیراق: ده‌ركردنى باڵیۆزى توركیا و بڕینى سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كان باشترین وه‌ڵامه‌

13/08/2020 عێراق

نه‌وا
مه‌نسوڕ بعێجى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عیراق داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات بێده‌نگى بشكێنێت و وه‌ڵامى گونجاوى ده‌ستدرێژیه‌كانى توركیا بداته‌وه‌، پێشى وایه‌ ده‌ركردنى باڵیۆزى توركیا و بڕینى په‌یوه‌ندییه‌كان باشترین وه‌ڵامه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عیراق له‌ پاش روداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوی سیده‌كان و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق جوڵه‌ى جدى بكات به‌ ده‌ركردنى باڵیۆزى توركیا و بڕینى سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ئابورى و بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌.
مه‌نسوڕ بعێجی باسى له‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی عیراق به‌هۆى پێشێلكاریه‌كانى توركیاوه‌یه‌ و بۆئه‌وه‌یه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیدا بكات وه‌ك بۆردومان و سنوربه‌زاندنه‌كانى.
ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عیراق وه‌ڵامى گونجاوى نه‌بێت دژى توركیا و ته‌نها به‌یاننامه‌ى شه‌رمنانه‌ بڵاوبكاته‌وه‌ و یاداشتنامه‌ى ناڕه‌زایى ئاراسته‌بكات ئه‌و وڵاته‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانى ناوه‌ستێت و له‌وه‌ش زیاتر ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌رپرسیارێتى حكومه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌و بێده‌نگیه‌ى به‌رده‌وام بێت ئه‌وا ئه‌و سوێنده‌ ده‌ستوریه‌ى خواردویه‌تى بۆ پاراستنى خاك و ئاو و ئاسمانى وڵاته‌كه‌ى، پێشێلى ده‌كات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group