عیراق.. داهاتی رۆژانه‌ی ده‌روازه‌یه‌كی سنوری دوو ملیار دیناری تێپه‌ڕاند

15/08/2020 عێراق

نه‌وا
دەستەی دەروازە سنورییەکانی عیراق رایگەیاند: داهاتی تەنها یەک رۆژی دەروازەی سنوریی ترێبیڵ له‌ ئه‌نبار دو ملیار دیناری تێپەڕاندوە.
بەپێی راگەیەندراوەکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عیراق ؛ تەنها رۆژی هه‌ینی داهاتی دەروازەی سنوریی ترێبیڵ لەگەڵ ئوردن لە سنوری پارێزگای ئەنبار دوو ملیار و 384 ملیۆن و 794 هه‌زار دینار بووه‌ ئەوەش لە گومرگی سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و باجەوە دەستکەوتون.
رونیشیكردۆته‌وه‌، دوو ملیار و 150 ملیۆن و 206 هه‌زار دینار له‌ گومرگ و 234 ملیۆن و 588 هه‌زار دیناریش وه‌رگرتنی باج بووه‌.
پێشتر مانگانه‌ داهاتی ئه‌و ده‌روازه‌ سنوریه‌ كه‌متر له‌ یه‌ك ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ دوای كۆنتڕۆڵكردنی له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، له‌ مانگی ته‌موزدا داهاته‌كه‌ی گه‌یشتبوه‌ 25 ملیار دینار.
رۆژی هه‌ینیش ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی عیراق رایگه‌یاندبوو، داهاتی یه‌ك رۆژی ده‌روازه‌ی سنوریی ئوم قه‌سر له‌ به‌سڕه‌ دوو ملیار دیناری تێپه‌ڕاندووه‌.
مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ ماوه‌كانی رابردوودا هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر دەستی دەوڵەت، بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنورییەکان زیادیکردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group