سلێمانی.. بە ئار پی جی هێرش كرایە سەر بارەگای حزبێكی رۆژهەڵات

25/09/2020

نەوا
بەرپرسی سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان رایگەیاند، گولەیەكی ئار پی جی لەسەر جادەی قەرەداغ – زڕگوێزەوە ئاراستەی بارەگاكەیان كراوە، بەڵام هیچ زیانێكی لێنەكەوتوەتەوە.
لەو بارەوە ئارام مودەڕیسی بەرپرسی سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە نەوای راگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی هەینی گولەیەكی ئار پی جی لەسەر جادەی قەرەداغ- زڕگوێز لە نزیك سلێمانی ئاراستەی بارەگای حزبەكەیان كراوە.
وتیشی، گولەهاوەنەكە بەر لەوەی بگاتە تەلبەندی بارەگاكەیان تەقیوەتەوە و جگە لە سوتانی پوش و پاوان هیچ زیانێكی تری لێنەكەوتوەتەوە و هەر زوو هێزەكانیان ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە.
ئەو بەرپرسەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانی ئاسایش چوونەتە شوێنەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.
ئارام مودەڕیسی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە لە ئێستادا پەنجەی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێك درێژناكەن جەختیی كردەوە، ئەمە یەكەم جار نییە بنكە و بارەگاكانیان دەكرێتە ئامانجی كردەوەی "تیرۆریستی" و چەندین جار بە كاتیوشا و هاوەن و ئار پی جی هێرشیان كرابوەسەر، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئەو جۆرە هێرشانە كەمتر بووە، ئەمە یەكەم جارە جوڵەی لەم جۆرە دەستپێبكاتەوە.

 

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group