بەرهەم ساڵح: ئێران و سعودیە زیاتر لە جارێك كۆبوونەتەوە

06/05/2021 عێراق

نەوا

سەرۆك كۆماری عێراق دەڵێت، ئێران و سعودیە بە نێوەندگیریی بەغدا زیاتر لە جارێك كۆبوونەتەوە.
 بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، لە میانی پانێلێكی ئۆنلاینی پەیمانگەی بەیرووت بۆ لێكۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەكان رایگەیاند، سعودییەكان و ئێرانییەكان بە نێوەندگیریی عێراق زیاتر لە جارێك كۆبوونەتەوە و دەشڵێت، ئەو گفتوگۆیانە بەردەوامن و بۆ ناوچەكە گرنگن.
 بەرهەم ساڵح رۆڵی عێراق لەو گفتوگۆیانەدا بە گرنگ ناو دەبات و باسی لەوەش كرد، پێویستە سەروەریی عێراق بپارێزرێت بۆئەوەی ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری و تەبایی تەواوی ناوچەكە، لەبری ئەوەی سەرچاوەی ناسەقامگیری بێت.
مانگی رابردوو رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز بڵاویكردەوە نوێنەرانی ئێران و سعودیە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان لە بەغدا كۆبوونەتەوە.
پەیوەندیەكانی ئێران و سعودیە لە ساڵی 2016ەوە پچڕراوە و لە ماوەی رابردوودا ئەو دوو وڵاتە خواستی خۆیان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان دەربڕیبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group