باشترین و خراپترین شارەكانی جیهان بۆ ژیان دەستنیشانكران

10/06/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
بەپێی هەڵسەنگاندنێكی نوێ، لە ساڵی 2021دا شاری ئۆكلاندی نیوزلەندا باشترین شاری جیهانە بۆ ژیان و سەرووی ریزبەندییەكەی بە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لێژكرد، دیمەشقی پایتەختی سوریاش لە كۆتایی ریزبەندەكەدایە.
بەپێی هەڵسەنگاندنێك كە یەكەی هەواڵگری ئابوریی سەربە گروپی "ئیكۆنۆمێست" ئەنجامیداوە، شاری ئۆكلاندی نیوزلەندا باشترین شاری جیهانە بۆ ژیان، هۆكاری سەرەكی ئەو دیاریكردنەش چۆنێتی مامەڵەكردنی دەسەڵاتدارانی شارەكەیە لەگەڵ پەتای كۆرۆنا بەتایبەتی كە خوێندنگە و شانۆگەی و هۆڵی سینەما و ریستۆرانتەكان بە تەواوەتی كراونەتەوە.
هەر بەپێی ریزبەندییەكە، لەدوای ئۆكلاندا هەریەكە لە شارەكانی "ئۆساكای ژاپۆنی، ئادیلایدی ئوسترالی، وڵنگتۆنی نیوزلەندی، تۆكیۆی ژاپۆنی، پێرسی ئوسترالی، زیورخ و جنێفی سویسرا و بریسبانی ئوسترالی" دەبینرێن، هەروەها سەبارت بە خراپترین شاریش بۆ ژیان، دیمەشقی پایتەخی سوریا دیاری كراوە.
گروپەكە جەختیان لەوەكردووەتەوە، هەڵسەنگاندن بۆ 140 شاری جیهان كراوە و 30 تایبەتمەندی لەبەرچاو گیراوە، لەوانەش سەقامگیری سیاسی و ئابوریی، رێژەی تاوان، رۆشنبیری و فێركردن، خزمەتگوزاری و چاودێری تەندروستی، ژینگە و ژێرخان، هەروەها بەهۆی كۆرۆناوە ئەمساڵ چەند هۆكارێكی تریش لەبەرچاو گیراوە، وەك پەستان لەسەر سیستمی تەندروستی، كەرەنتینە و داخستن و وەرزشی ناوخۆیی و هۆڵی سینەما و شانۆكان و ئاهەنگە میوزیكییەكان و ریستۆرانت و خوێندنگەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group