ئەندامێکی لیژنەی دارایی: ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت

29/07/2021 عێراق

نەوا               
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت .
شیروان میرزا پەرلەمانتاری یەکێتی و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌  میدیای فەرمی حزبەکەی راگه‌یاندوە: بڕیاری ناردنی بڕێك پاره‌ مانگانه‌ بۆ هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، تا جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی گشتی 2021ی عیراق.
راشیگه‌یاند: به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم به‌پێی یاسای بودجه‌ی عیراق له‌كاتی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌نێردرێت، به‌ڵام ئه‌و 200 ملیاره‌ی كه‌ له‌ ئێستادا به‌غدا بۆ هه‌رێمی ده‌نێرێت، وه‌ك سلفه‌یه‌و له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ بۆ هه‌رێمی ده‌نێرێت.
ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌، ناردنی 200 ملیار دینار مانگانه‌ بۆ هه‌رێم له‌ لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ به‌رده‌وامده‌بێت، تاكو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی حساباتی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ داهاتی نه‌وت و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان.
پێشتریش ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندبوو: لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزیری دارایی و نەوتدا، دڵنیا كراونەتەوە لە بەردەوام بوونی ناردنی 200 ملیار دینارەكە لە چوارچێوەی  بودجەی عێراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group