مەحمود عوسمان :لایەنەکانی عێراق دژی فیدراڵیین و حوکمێکی ناوەندی بەهێزیان دەوێت

28/09/2021

نەوا
مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد باس لەوەدەکات: لەئێستادا لایەنەکانی عێراق و بەتایبەتی شیعەکان دەیانەوێت دەستووری فیدڕاڵی عێراق هەمواربکەنەوە، چونکە دەڵێن "مافی کورد زۆرە لەدەستور و هەروەها ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکانیش ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی دەستوردا، لەلایەکی دیکەشەوە لەم کاتەدا لایەنەکانی عێراق دژی فیدراڵین و حوکمێکی ناوەندی بەهێزیان دەوێت".

 مەحمود عوسمان، یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی كورد کە لەنوسینەوەی دەستوری عێراقدا بەشداربوە، بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "کاتێک دەستور پەسەندکرا، شیعەکان نیگەرانبوون و سونەکانیش تێبینیان هەبوو، بەتایبەت بڕگەیەکی تێدایە بەپێی ئەو بڕگەیە دوو لەسەر سێی دەنگی سێ پارێزگا دەتوانن یاسایەک ڕەتبکەنەوە، کە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، هەروەها لایەنە عێراقیەکان دژی فیدراڵیین و حوکمێکی ناوەندی بەهێزیان دەوێت."

راشیگەیاندوە، "شیعەکان دەڵێن، مافی کورد زۆرە لەدەستووردا، ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی دەستووردا، بۆیە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە، بەڵام نازانم پێیان دەکرێت یاخود نە."

بەپێی دەستوری عێراق دەنگدەرانی سێ لە پارێزگاکانی هەرێم، دەتوانن ڕێگری بکەن لەپلانەکانی هەمواری دەستوور، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە، ئەو لایەنانەی کار بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور دەکەن چ پلانێکیان پێیە بۆ لابردنی لەمپەرەکان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group