بەهۆی دروست بوونی گرژیەوە دانیشتنی پەرلەمان راگیرا

26/10/2021

نەوا-
بەهۆی دروست بوونی گرژی لەنێوان ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەرۆكایەتی پەرلەمان، دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەت بوو بە پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و كێشەی گرانبوونی سوتەمەنی راگیرا و فراكسیۆنی گۆڕانیش بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد.
دوای نزیكەی 50 رۆژ لە كۆبوونەوە، ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و كێشەی گرانبوونی سوتەمەنی كۆبوویەوە، بەپێی زانیاریەكان لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا گرژی لەنێوان ژمارەیەك پەرلەمانتار و دەستەی سەرۆكایەتی دروست بوو، بەهۆی ئەوەشەوە دانیشتنەكە راگیرا.
فراكسیۆنی گۆڕان كە خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانە بایكۆتی دانیشتنەكەی كرد و گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، حكومەتی هەرێم ماوەی 7 ساڵە یاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، پێویستە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت بۆ چارەسەر كردنی كێشەو گرفتەكان.
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت یاسای بودجە بهێننە پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەو داهاتەی لە هەرێم هەیە رون و شەفاف بێت و ناكرێت داهاتی هەرێم بەناشەفافی بمێنێتەوە و خەڵكیش لە بارقورسی ژیاندا بمێننەوە، ئێستا نرخی نەوت سەروو 80 دۆلارە و نرخی 100 دۆلار نزیكەی 150 هەزار دینارە و ئایا ئەم زیادەیە بۆ كوێ‌ دەچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group