بەهۆی بڕیارەكەی دادگاوە یەكلابونەوەی كاندیدانی سەرۆك كۆماریش رادەگیرێت

6 رۆژ پێش ئێستا عێراق

دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر تۆماركردنی دوو سكاڵا كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بۆ ماوەیەكی كاتی راگرت.
بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عیراق كە لە ناوەڕۆكەكەیدا ئاماژە بەوە كراوە، لەسەر سكاڵای هەریەك لە (باسم خەزعەل خەشان و مەحمود مەشهەدانی) كە لەرێگەی بریكارێكیانەوە پارێزەر ئەحمەد سەعید موسا تۆماریان كردوە، داوایان كردوە دادگاكە بڕیاری (وەلائی)* دەربكات بە راگرتنی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق بەهۆی ئەوەی لە یەكەمین دانیشتنی خولی پێنجەمدا سەرپێچی دەستوری تیاداكراوە كە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییەكە هەڵبژێردراوە.
هەروەها لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا هاتوە، لەدوای وردبینیكردن لە داواكانیان و  یەكخستنی هەردوو دۆسیەی سكاڵاكاران، بەپێی مادەی 93 لە دەستوری عیراق و مادەی 151 لە یاسای مورافەعاتی مەدەنی كە تیایدا ئاماژەیكردوە، هەموو كەسێك مافی داواكردنی هەیە دەتوانێت داوا پێشكەش بە دادگای تایبەتمەند بكات بۆ دەركردنی بڕیاری پێویست بە پێشكەشكردنی نوسراوێك بە دادوەریی تایبەتمەند، لەو روانگەیەوە دادگای فیدراڵی بەپێی بەڵگەنامەكانی بەردەستیان بڕیاری وەلائی دەركرد بە راگرتنی كاری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراقی هەڵبژێردراو بەكاتی تا ئەوكاتەی سكاڵاكان یەكلایی دەكرێنەوە.
لەلایەن خۆشیەوە دادوەر لەتیف مستەفا ناسراو بە (حاكم شێخ لەتیف) بڵاویكردۆتەوە، وەستاندنی كارەكانی سەرۆكایەتی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەشێوەیەكی كاتی تا ئەوكاتەی چارەنوسی ئەو سكاڵایە یەكلایی دەكرێتەوە سەبارەت بەدەستوریبونی دانیشتنی یەكەم، ئەوە بەمانای وەستانی كاتی رێوشوێنەكانی خۆپاڵاتن و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریشە.

*بڕیاری (وەلائی) فەرمانێكە دادگا دەریدەكات لەسەر داوایەك كە بەبێ ئاگاداركردنەوە (تبليغ)ی لایەنی بەرامبەرە، بڕیارێكی كاتییەو بواری تانەگرتن و پێداچونەوە (تمییز)ی نییە بەمەرجێك بڕیارەكە ستەمكردن نەبێت.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group