مەسعود بارزانی: پێویستە هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بەڕێوەبچن

25/01/2023

نەوا-
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و جنین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق كۆبونەوە. 
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەكەو پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كراون، هەروەها جەخت لە پێویستی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان كراوەتەوە.
راشگەیەنراوە، بارودۆخی سیاسی هەرێم تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوەو پەیوەست بە هەڵبژاردن بارزانی دوپاتیكردۆتەوە كە بەلای پارتیەوە هەڵبژاردن بنەماو پرەنسیپێكی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوكمڕانی و پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كاتی خۆیاندا بەڕێوەبچن. 
هەروەها سەرۆكی پارتی جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت رەچاوی ئیرادەو بەرژەوەندی پێكهاتەكان بكرێت و بۆ بابەتی مافەكانیان لە هەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێكهاتەكان هیچ شێوازو فۆڕمۆڵێك بەسەر پێكهاتەكانی كوردستان بسەپێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group