هۆشیار عەبدوڵڵا: گۆڕینی نرخی 100 دۆلار بۆ 135 هەزار دینار پێویستی بە دوو هەنگاوە

05/02/2023 عێراق

نەوا - 
هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، گۆڕینی نرخی 100 دۆلار بۆ 135 هەزار دینار لە پرۆژە یاسای بودجەدا پێویستی بەوەیە وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی رێكەوتنی لەسەر بكەن، هەروەها رەزامەندی بانكی نەختینەی نێودەوڵەتی وەربگیرێت.
هۆشیار عەبدوڵڵا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، سودانی وەك سەرۆكی حكومەت پێشنیازی كردووە كە لە یاسای بودجەدا نرخی 100 دۆلار بگۆڕدرێت بۆ 135 هەزار دینار، جێبەجێكردنی بڕیارێكی لەو جۆرە پێویستی بە دوو هەنگاو هەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، یەكەم هەنگاو ئەوەیە وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عیراق پەسەندی بكەن و بگەنە رێكەوتن، هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە كە بانكی ناوەندی عیراقی لەگەڵ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بكەوێتە گفتوگۆ و رەزامەندی ئەو دامەزاروەیە بۆ ئەو گۆڕانكاریە وەربگرێت، وەك ئەوەی ساڵی 2020 كردی.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو باسی لەوەش كردووە، گۆڕانكاری لە نرخی دراودا پێویستی بەوە نییە بخرێتە یاسای بودجەوە، دوای ئەو دوو خاڵەی سەرەوە حكومەت و بانكی ناوەندی دەتوانن راستەوخۆ جێبەجێی بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group