نێچیرڤان بارزانی: ناكرێت لایەنێك جێبەجێكردنی دەستور بوەستێنێت

پێش 2 هەفتە

هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی بە ئامادەبونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەیان سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق دەستیپێكرد.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كردو تیایدا تیشكی خستە سەر ئەو مەترسیانەی بەهۆی جەنگەو روبەڕوی ناوچەكە بۆتەوەو رایگەیاند، تەنها چارەسەر ئاشتییە.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: بۆئەوەی ناوچەكە لە لێكەوتەی خراپ دوربكەوێتەوە پێویستە گفتوگۆ دەستپێبكات، دوای هێرشی حەمماس بۆ سەر ئیسرائیل شەڕێكی وێرنكەر لە غەزە دورستبوە پێویستە بڕیاری ئاسایشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكرێت، چونكە ئاشتی سەقامگیر بریتیە لەچارەسەری دوو دەوڵەت، هەرێمیش پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین دەكات.
وتیشی: هەرێمی كوردستان هەمیشە لایەنگری گفتوگۆو چارەسەری ئاشتیانەیە ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دۆست نمونەی جوانی هاوبەشی و پێشكەوتنی ئابوری و گەشەكردنی هاوبەشمان دروستكردوە، دڵنیام بە پرۆژە گەورەكانی داهاتو پەرەی پێدەدەین و رێگەنادەین هەرێمی كوردستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێك.
لەبەشێكی تردا نێچیرڤان بارزانی وتی: رێگەی ئێمە لەناوخۆی عیراقیشدا هەمان رێگەیە بۆ قوڵكردنەوەی دیموكراسی لەعیراق و بۆ پاراستنی لە مەترسی و مەرگەسات وەك رابردو پێویستمان بە گفتوگۆیەكی ئارامە لەگەڵ یەكتر ناكۆكی و پەلاماری یەكتر بەردەوام رێگە بۆ رێكخراوە تیرۆریستیەكان دەكاتەوە هێرشەكانی داعش و ئەلقاعیدە روی نەدادا ئەگەر ئێمە لەناوخۆماندا رێكبوینایە.
وتیشی: ملیۆنەها كەس لە عیراق بونە قوربانی بێگوناهی رژێمی خراپ و سامانی وڵات بە فیڕۆ درا، ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆئەوەی هەمو رێگاكانی بەهێزبونەوەی تیرۆریستان دابخەین. 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتیشی: گەلی عیراق دەستوری پەسەند كرد زۆر گرنگە سیستمی فیدراڵی عیراق جێبەجێ بكرێت، ناكرێت لایەنێك جێبەجێكردنی دەستور بوەستێنێت پێویستیشە پێكهاتەو نەتەوەكان هەمویان بەكردەوە خۆیان بەهاوبەش ببینن لە بەڕێوەبردنی عیراقدا، نابێت هیچ پێكهاتەیەكی عیراق نادیدەبگیرێت، چونكە ئەوە رێگەیەكی خراپ دەكاتەوەو پێشتریش زۆر تاقیكراوەتەوە مایەی ناخۆشی بوە بۆ هەمو گەلی عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group