حكومەتی هەرێم گیان لەدەستدانی 4 كارمەندی یەمەنی لە كێڵگەی كۆرمۆر راگەیاند

پێش 2 هەفتە

نەوا-
پاشئەوەی هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا هێرشەكەی بە تیرۆریستی و تێكدەرانە وەسفكرد. 
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردودا هەوڵی باش دراوە بۆ باشتركردنی كەرتی وزەو ژێرخانی ئابوری لە عیراق و بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا كە هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خێرا دەكرێن، دەستی خراپەكاری و تێكدەرانە جارێكی دیكە لەكردەوەیەكی تیرۆریستیدا كێڵگەی غازی كۆرمۆرییان كردە ئامانج بەداخەوە تائێستا چوار كارمەندی یەمەنی "شەهیدبون"، جگە لەوەش زیانێكی زۆر بەر كێڵگەكە كەوتوەو ئەم زیانەش  كاریگەری دەبێت لەسەر  كەمبونەوەی كارەبا بەشێوەیەكی بەرچاو.
وتەبێژی حكومەت راشیگەیاندوە، ئەم هێرشە دوبارانە پێویستە رابگیرێن و داوای هەماهەنگی و هاوكاری بەپەلە دەكەین لە دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم كارە تیرۆریستییە بدۆزرێنەوەو رادەستی یاسا بكرێن و رێگری یەكجاری بكرێت لە دوبارەبونەوەی ئەم كارانە.
پێشەوا هەورامانی ئاشكراشیكردوە، بەهۆی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر بڕی 2500 مێگاوات كارەبا كەمبۆتەوەو ئێستا تەنها بڕی 1260 مێگاوات كارەبامان هەیە، تیمە تایبەتمەندەكان سەرقاڵی ئەوەن كە بەزویی بتوانن بڕی بەرهەمهێنانی غاز بەرزبكەنەوەو كەمی كارەبا درێژە نەكێشێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group