نەوا-
وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت، لە هێرشە درۆنیەكەی هەینیی رابردووی سەر بنكەیەكیان لە رۆژئاوای كوردستان 8 سەربازیان بریندار بوون.
پات رایدەر وتەبێژی پێنتاگۆن لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەكەی رۆژی 9ی ئاب بۆ سەر بنكەی سەربازیی رومێلان لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشدا، برینی هیچ كام لە سەربازەكان قورس نییە، 3 كەسیان چارەسەری تەواویان وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە سەر ئەركی خۆیان.
رونیشیكردەوە، هێرشەكە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە، بەڵام بەرپرسانی پێنتاگۆن هێشتا لە لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامن تاوەكو بزانن چی گرووپێك بووە.
ئەمە لە كاتێكدایە، 5ی ئاب هێرش كرایە سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و لە ئەنجامدا 5 سەربازی ئەمریكی برینداربوون كە سیانیان بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە بۆ ئەڵمانیا گوێزرانەوە.