وەزارەتی ناوخۆ: رێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نادرێت پەرە بە نائارامی بدات

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی سەربارەت بە گرژییەكانی ئەمدواییە ناوچەی خەبات لە پارێزگای هەولێر بڵاوكردەوە.
لە بەشێكی رونكردنەوەكەدا وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندوە، ‎لە ئەنجامی ناكۆكی نێوان چەند كەسێك لەسەر كێشەی زەویوزار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروستبو كە بە داخەوە ووە هۆكاری زیانی گیانی و مادی، بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومی و حیزبی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زو ئەو كێشەیە سنوردار بكرێت و بەهاوكاریی خەڵكی دەڤەرەكە ناوچەكە ئارام كرایەوە، رێكاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناكۆكییەكان و سزادانی سەرپێچیكارانیش دەستیپێكردوە.
‎وەزارەتی ناوخۆ داواشی لە خەڵكی ناوچەكە كردوە بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن و بەردەوامبن لە پابەندی بە رێنماییەكانی ئاسایش، هاوكاریش بن بۆ نەهێشتنی گرژییەكان و سەقامگیریی ئەو ناوچەیە. 
‎وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، ئارامی و ئاسایشی هەمو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە سەروی هەمو شتێكەو رێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نادرێت بە هەر مەبەستێك بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات، هاوڵاتیانی هەرێمیش دڵنیا دەكەنەوە كە كوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەكەدا دەمێنتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group