ئەنجومەنی وەزیران: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردە رادەستی سۆمۆ دەكرێت

22 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوەوە.
لەبەشێكی راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتوە، تاوتوێی دوا هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی حوزەیران و تەمموزی 2025 یانكردوە لەبەر رۆشنایی بڕیاری هاوبەشی هەردو ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و بە دواداچونی كاری لیژنە هاوبەشەكانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بەپێی دوا بڕیاری هەردو ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم .
سەرەتا بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری، ڕاپۆرتێكی لەسەر پۆلێنكردنی داهاتە گشتییەكان لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی جۆری داهات و سەرچاوەكەی و بنەمای یاسایی وەرگرتنی خستەڕوو، كە مانگانە بە شێوازێكی ڕوون و شەفافانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، پێشكەشی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كراوە و بە بەردەوامیش لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری داراییشی وردبینی بۆ كراوە.
وەزیری دارایی و ئابوری لە كۆبونەوەكەدا باسی لە كارەكانی لیژنەی هاوبەشی هەردولا بۆ پۆلێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لەم داهاتانە كردوە، هەروەها رونیكردوەتەوە كە لیستی موچەو تەرازوی پێداچونەوەی مانگی حوزەیران رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراوەو ئەركی وەزارەتی دارایی عیراقیشە كە لە بەرامبەردا موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات. 
هەر لە كۆبونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی قەرەبوكردنەوەی كۆمپانیای نەوتی بەرهەمهێنەری ئەو بڕە نەوتە دەگرێتە ئەستۆ كە بە گوێرەی بڕیاری هاوبەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بۆ مەبەستەكانی بەكارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم تەرخان كراوە، هەروەها ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەو لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكان بەرهەمدەهێنرێت، رادەستی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) دەكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group