عیراق و لوبنان رێككەوتنێكیان واژۆ كرد

1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

بەچاودێری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كارەكانی خولی دوەمی لیژنەی هاوبەشی عیراق و لوبنان كۆتاییهات كە تیایدا رێككەوتننامەی دوو قۆڵی لەنێوان هەردولا سەبارەت بە گواستنەوەو ئاڵوگۆڕی سزادراوان واژۆ كرا.
بەپێی راگەیەنراوێك، رێككەوتنەكە لەلایەن خالید شوانی وەزیری دادو عامر بسات سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی لایەنی لوبنانی و وەزیری بازرگانی و ئابوریی ئەو وڵاتە واژۆكراوە، تیایدا وەزیری داد تەئكیدیكردەوە كە رێككەوتننامەكە لەچوارچێوەی پەرۆشی حكومەتی عیراقە بۆ چەسپاندنی هاریكاری دادیی و یاسایی لەگەڵ وڵاتانی براو دۆستدا، هەروەها دابینكردنی میكانیزمە یاساییەكانە بۆ دەستەبەركردنی رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و ئاسانكاری رێكارەكانی جێبەجێكردنی سزاكانە بەپێی یاسا نیشتمانییەكان و ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە رێككەوتنەكە نوێنەرایەتی هەنگاوێكی گرنگ دەكات لەپتەوكردنی پەیوەندییەكانی عیراق و لوبنان و جێبەجێكردنی پرەنسیپی مامەڵەكردنی هاوشێوە، چونكە بەشداری دەكات لەچارەسەركردنی بارودۆخی سزادراوانی هەردو وڵات و رێگەیان پێدەدات سزاكانیان لەوڵاتەكانی خۆیاندا بەسەربەرن، ئەمەش دەبێتە هەوێنی بەدیهێنانی رەهەندە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان لەپاڵ رەهەندە یاساییەكەیدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group