دادگای فیدراڵیی عێراق كۆتایی بە كارەكانی پەرلەمان هێنا
14 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا،بە كۆتاییهێنان بە كارەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق و ئەركەكانی حكوومەتی فیدراڵیشی بۆ "حكوومەتی كاربەڕێكەر" گۆڕی.
بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی كە واژۆی مونزیر ئیبراهیم حوسێن سەرۆكی دادگاكەی لەسەرە و لە دوێنێ دووشەممەوە دەرچووە، لە بریارەكە جەخت لەوەكراوەتەوە لەمەبەدوا حكوومەتی كاربەڕێكەر و سەرۆك وەزیران ناتوانن ئەو بڕیار و ڕێوشوێنانە بگرنەبەر كە پێویستیان بە بڕیاری ستراتیژی و پلانی درێژخایەن هەیە.
سەرۆكی دادگاكە ئاماژەی بەوەش كردووە، ئامانج لەم بڕیارە، دڵنیابوونە لە بەردەوامیی كاركردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك تاوەكوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.