تۆڕی هاوپەیمانی 19: بۆ پشتیگیری رۆژئاوا سلێمانی لە پلەی یەكمدایە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئاماری كار و چالاكییەكانی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵی لەژێر ناونیشانی "مانگێك بێ گازی فرمێسكڕێژ" بڵاوكردەوە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 (سەنتەری میترۆ سەپەرشتی دەكات) بڵاویكردەوە، لە كانونی دووەمی 2026، چاودێری (113) چالاكی مەدەنیی ئاشتیخوازانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، كە رێژەی (86%)ی بۆ پشتیوانی كۆمەڵگەی كوردستانی رۆژئاوا و ناڕەزایی دەربڕین بوون بەرانبەر هێرشەكانی سوپای سوریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و زیانگەیاندن بە دانیشتوانی مەدەنی ئەو ناوچانە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو چالاكییە مەدەنییانەی تۆڕی هاوپەیمانی 19، چاودێری كردوون بریتی بوون لە
77گردبوونەوە، 17 رێپێوان، 16 كۆنگرەی رۆژنامەوانی، 2 شەقام داخستن، یەك مانگرتن.
رونیشیكراوەتەوە چالاكییەكان بەپێی شوێنەكان بەم شێوەیە بوون:
47چالاكی لە سلێمانی بە رێژەی (42%)، (24) چالاكی لە هەولێر بە رێژەی (21%)، (9) چالاكی لە دهۆك بە رێژەی (8%)، (6) چالاكی لە هەڵەبجە بە رێژەی (5%)، (15) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین بە رێژەی (13%)، (8) چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە رێژەی (7%)، (4) چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رێژەی (4%) بووە.
هەروەها ئاماژە بە جۆری داخوازییەكانیش كراوە كە بەم شێوەیە بوون:98 خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان بووە كە رێژەی(86%)ی چالاكییەكانی پێكهێناوە، (2) خزمەتگوزاری (2%)، (1) مووچە (1%)، (1) مافی خاوەن پێداویستی تایبەت (1%)، (1) مافی خوێندكار (1%)، (1) سەروەری یاسا (1%)، (8) داخوازی جیاجیا بوون (7%)، (1) بۆ مافی ئاژەڵان(1%).
تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە چاودێری كردنی خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی سەدان هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت و دەڵێت، ئاڵای كوردستان دیمەنی خۆپیشاندانەكانی داپۆشیبوو نەك ئاڵای حزبەكان، هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی تێدا نەبوو و هێزی ئەمنی ئەركی پاراستنی چالاكییەكانیان بە سەركەتووی ئەنجامدا.
هەروەها، چاودێرانمان لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ جۆرە دەستدرێژییەكیان بۆ سەر ژنان و كچان تۆمار نەكردووە، گوتاری رقاویش لە ئاستێكی زۆرلاواز بوو و گەر هەستی پێكرابێت پەیوەندی بەگوتاری خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە، پاراستنی ژینگە و بەشداری ژنان و گەنجان لە ئاستێكی باڵا بوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group