بەبۆنەی هاتنی وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە

هۆشیار عەبدوڵڵا

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بەبۆنەی هاتنی وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەرێمی كوردستان
ڕاستە پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەركۆمار رێكەوتنیان نییە، بەڵام هێزە شیعیەكان ڕاست ناكەن بەوەی دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەركۆمار «ئەگەر كەمێكیش بێت» پەیوەست بێت بە خودی ئەو پۆستەوە، كێشەكە پۆستی سەرۆكی حكومەتە كە یەكدەنگی شیعەی بە پلەی یەكەم لەسەر نییە جگە لە ڤیتۆیەكی بە هێزی سوننە. 
دیقەت بدەن؛ لە دوو خولی ڕابردوی هەڵبژاردنی سەركۆماردا لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢١ دا، شیعەكان بە ڕوونی بە پارتی و یەكێتیان گووت ئێمە ئامادەنین وادە دەستوریەكان یەك سەعاتیش بشكێنین مادام رێكەوتنتان نییە فەرموون كێ زۆرینەی بردەوە با ئەو سەركۆمار بێت. ئەوەبوو كە دوو خولی ڕابردوو بە ناكۆكی قووڵی پارتی و یەكێتییەوە كورسییەكەی كۆشكی سەلام یەكلابۆوە.
بە كوردی و بە كورتی، رێكەوتنیان لەسەر مالكی هەبوایە، یەك كاتژمێریش چاوەرێی پارتی و یەكێتیان نەدەكرد و بە زوویی یەكلایان دەكردەوە، بەڵام رێكنەكەوتنی ئەو دوو حزبە كوردییە پاساوی داونەتێ تا بەشێك لە دابەشبوون و ناكۆكیەكانی خۆیان بە پۆستی سەركۆمار دابپۆشن. 
ئەوە سەیر نییە كە شیعەكان هەوڵبدەن ناكۆكی خۆیان بە خەڵكیتر دابپۆشن، ئەوە سەیرە لە ئێستادا كە درەوشاوەترین قۆناغی یەكگرتویی و یەكێتی نەتەوەیی گەلی كوردستانە، هێشتا پارتی و یەكێتی ناتوانن لەسەر پۆستێك لە بەغدا كۆكبن. 

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group