نەوا-
میدیاكانی لوبنان ڕایانگەیاند، بەهۆی داڕوخانی باڵەخانەیەكی نیشتەجێبونەوە، لە شاری تەرابلوسی باكوری لوبنان لانیكەم پێنج كەس گیانیانلەدەستدا.
ئاژانسی نیشتیمانیی لوبنان بڵاویكردەوە، باڵەخانەیەكی كۆن لە گەڕەكی باب تەبانە كە یەكێكە لە هەژارترین گەڕەكەكانی تەرابلوس، لەناكاو داڕما، هەشت كەس لەژێر پاشماوەی باڵەخانەكە ڕزگاركراون، هاوكات پێنج كەسیش گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا منداڵێك و ژنێكی بەساڵاچو هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەسەڵاتداران دەستیانكردوە بە چۆڵكردنی بینا نیشتەجێبوەكانی نزیك لە باڵەخانە روخاوەكە، ئەمەش لەچوارچێوەی پێشبینی ئەگەری داڕمانیاندایە.
لای خۆیەوە، جۆزێف عەون سەرۆك كۆماری لوبنان، دامودەزگا تەندروستی و فریاگوزاریەكانی راسپارد، كۆببنەوە بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردن و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆ دانیشتوانی باڵەخانە روخاوەكە و ئەو بینایانەشی كە وەك خۆپارێزی چۆڵكراون.