ستیڤ ویتكۆف: ترەمپ بە مافی خۆی دەزانێت بەرنامە ئەتۆمییەكەیان رابگرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان
نەوا-
ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس نیوز"، ئاماژەی بەوە كرد، بەرپرسانی ئێران لەو گفتوگۆیانەدا ئیدیعای ئەوەیان كردووە كە "مافێكی وەرنەگیراوەیان" هەیە بۆ پیتاندنی تەواوی ئەو چەكە ئەتۆمییەی لەبەردەستیاندایە.
باسی لەوەشكرد، لایەنی ئەمریكی لە وەڵامدا جەختیان كردووەتەوە كە ترەمپیش "مافێكی وەرنەگیراوەی" هەیە بۆ راگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
بە وتەی ویتكۆف ، دانوستانكارانی ئێران وایان دەزانی دەتوانن لە رێگەی هەڕەشە و فشارەوە ئیمتیازات بەدەست بهێنن، ئەو شێوازەشی بە "گەمژانە" وەسف كرد.
ویتكۆف رونیشیكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە دوا خولی دانوستانەكاندا ئامادە بووە بۆ گەیشتن بە "رێككەوتنێكی دادپەروەرانە"، بەڵام وای دەبینێت كە ئێستا روون بووەتەوە گەیشتن بە رێككەوتنێكی لەو شێوەیە مەحاڵە.
نێردە تایبەتەكەی ترەمپ وتیشی، دانوستانكارانی ئێران لە یەكەم دیداردا رایانگەیاندووە كە 460 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراویان بە رێژەی 60% هەیە، كە ئەمەش بە وتەی ئەو بەسە بۆ "دروستكردنی 11 بۆمبی ئەتۆمی"؛ ئاماژەی بەوەش كرد كە ئێرانییەكان شانازییان بەوەوە كردووە كە پرۆتۆكۆڵەكانی چاودێرییان تێپەڕاندووە بۆ گەیشتن بەو ئاستە.