شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: بەئامانجگرتنی ناوچە نیشتەجێبووەكان تاوانێكی نێودەوڵەتییە
2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا سەركۆنەی ئەو پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارانەی ئەم دواییەی كرد كە هاوڵاتییانی سڤیلی كردووەتە ئامانج.
شانەكە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ناو گەڕەكە قەرەباڵغەكانی بە "پەرەسەندنێكی مەترسیدار و بێپێشینە" وەسف كرد.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، بەئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەكان پێشێلكارییەكی زەق و ئاشكرای هەموو بەها مرۆییەكانە و بە تەواوی دژ بەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە كە پارێزگاری لە مەدەنییەكان دەكەن لە كاتی ململانێكاندا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختی كردەوە، هەر پاساوێك بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە هێرشانە لە ناو جەرگەی ناوچە نیشتەجێبووەكاندا بهێنرێتەوە، لە رووی یاسایی و ئەخلاقییەوە پووچەڵ و بێبنەمایە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەوەش كردووە، گۆڕینی ماڵی هاوڵاتییان و كۆڵانە ئارامەكان بۆ مەیدانی جەنگ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی، تاوانێكی تەواوە كە ئامانجی ڕاستەوخۆی ترساندنی خەڵكی بێتاوان و شكاندنی ئیرادەیانە.
هەروەها روونیكردەوە، دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتی لەناو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیدا، پێشێلكردنی پیرۆزترین مافەكانی مرۆڤە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەم كارانە لە ریزی تاوانە گەورەكاندا پۆلێن دەكرێن.