عەباس عێراقچی: كۆتاییهێنان بە شەڕ پەیوەستە بە گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی و پێدانی قەرەبوو

2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشە دەكات و دەڵێت، ئەگەر دامەزراوەی وزەی ئێمە بكرێنە ئامانج، كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە ناوچەكەدا دەكەینە ئامانج.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "العربی الجدید" رایگەیاندووە، ئامادەین بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە سەبارەت بەو ئامانجانەی كە لێیان دراوە، تەندروستی رێبەری باڵا باشە و ئەركەكان رادەسپێرێت.
ئاماژەی بەوەكردووە، هێرشەكانمان تەنها بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكەنە ئامانج، ئەمریكییەكان فرۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی هاوشێوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاهیدی ئێمەیان دروستكردووە، كە ناوی "لوكاس"ە، بەتەواوی هاوشێوەیەتی، هەروەها بۆ بەئامانجگرتنی پێگەكانی وڵاتانی عەرەبی بەكاردەهێنرێت.
باسی لەوەشكردوە، تا ئێستا هیچ ناوچەیەكی مەدەنی و نیشتەجێبوونمان لە وڵاتانی ناوچەكە نەكردۆتە ئامانج، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ قەتەر، سعوودیە، عومان و وڵاتانی دراوسێ بەردەوامە.
سەبارەت بە كۆتایهاتنی جەنگ روونیكردووەتەوە، تاوەكو ئێستا هیچ دەسپێشخەرییەكی دیاریكراو بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئارادا نییە، پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەكی ناوچەیی دەكەین كە ببێتە هۆی كۆتاییهێنانێكی دادپەروەرانە بە جەنگ، كۆتاییهێنان بە شەڕ پەیوەستە بە گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی و پێدانی قەرەبوو.
لەبارەی گەرووی هورمزەوە عێراقچی دەڵێت، گەرووی هورمز بە ڕووی هەموواندا كراوەیە، تەنها بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی نەبێت، بارودۆخی ئێرانیش جێگیرە و هیچ جۆرە جیابوونەوە و درزێك لە دامەزراوەكانی دەوڵەت یان سوپادا نییە.
سەبارەت بە ڕێبەری كۆماری ئیسلامیش وتی: موجتەبا خامنەیی لە تەندروستییەكی باشدایە و بە تەواوی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی دۆخەكە دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group