نەوا-
لە رونكردنەوەیەكدا وەزارەتی نەوتی عیراق دەڵێت، لەسەر رۆشنایی بەدواداچونی پەرلەمانتاران و راگەیاندنەكان لەسەر ئەم رەوشەی بوەتە هۆكاری راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە بەندەرەكانی باشور لە رێگەی گەروی هورمزەوە، هەروەها بۆچی وەزارەتی نەوت بەپێی توانای خۆی لە باكورەوەو لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە ناكات تاكو زیانەكان كەمببنەوە، ئەوا رونیدەكەنەوە كە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای دەستپێكی قەیرانەوە لەگفتوگۆدان و بۆ هەناردەكردنی بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆرییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا كەپێش ئەو رەوشە هەرێمی كوردستان 200 هەزار بەرمیلی هەناردە دەكردو توانای بۆرییەكەش نزیكەی 900 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا.
وەزارەتی نەوت راشیگەیاندوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ئێستادا رەتیكردوەتەوە نەوت لەو رێگەیەوە هەناردە بكرێت و چەند مەرجێكی داناوە كە پەیوەندیان بە هەناردەكردنەوە نییە، لەلایەن خۆشیانەوە بۆیان رونكردونەتەوە ئەو مەرجانە دەكرێت لە داهاتودا گفتوگۆیان لەسەر بكرێت چونكە دواكەوتنی هەناردەكردن دەبێتەهۆی بێبەشكردنی عیراق لە هەندێك سەرچاوەی دارایی كە بەشێكە لە قەرەبوكردنەوەی راگرتنی هەناردەكردن لە دەروازەكانی باشورەوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوەكەیدا جارێكی تر داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردوەتەوە بۆ دەستپێكردنی دەستبەجێی هەناردەكردنی نەوت كە پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و یەكانگیرە لەگەڵ دەستورو یاسای بودجە.