بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە عیراق چوار ملیار دۆلار زیانی بەركەوتوە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەهۆی شەڕی ئەمریكاو ئیسرائیل دژبە ئێران، عیراق كەوتوەتە قەیرانێكی ئابوریی سەختەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران داخستنی گەروی هورمزیان ڕاگەیاند، لە كاتێكدا كە دوورگەكە بە شادەماری ھەناردەكردنی نەوتی عێڕاق دادەندرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە حكوومەتی عێڕاق بۆ خەرجییەكانی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بە ڕێژەی ٩٥ لەسەدا پشت بە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بۆیە داخستنی دوورگەی ھورمز لەلایەن ئێرانەوە لە ڕووی داراییەوە زیانێكی زۆری بە عێڕاق گەیاندووە بە تایبەتیش لە ئامادەكردنی بوودجەی گشتیی، جگە لەوەش بازاڕەكانی ناوخۆی عێڕاقی سستكردووە.
ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەمریكا و ئیسرائیل ھێرشە ئاسمانییەكانیان بۆ سەر ئێران دەست پێكرد و لەبەرامبەردا ئێران وەك ھەنگاوێكی كرداریی لە وەڵامی ھێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل گەرووی ھورمزی داخست كە بە ڕێڕەوێكی ئاوی ستراتیژی دادەندرێت بۆ گواستنەوەی نەوت و غاز لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازاڕەكانی ئەورووپا.
سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد تڕەمپ وەك كاردانەوە لەھەمبەر ئەو ھەنگاوەی ئێران لە ١٤ ی ئەم مانگە ڕایگەیاندبوو كە ئەمریكا لەگەڵ ژمارەیەك وڵات ھەماھەنگی دەكات بۆ پاراستنی كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی ھورمز، جەختی لەوەشكردەوە كە پێویستە ئەو وڵاتانەی سوود لە نەوت وەردەگرن لە گەرووی ھورمزدا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە لە ئەستۆ بگرن.


بەڵام لە ١٦ی ئەم مانگە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیامێكی ڕوونی ئاراستەی وڵاتان كرد و ڕایگەیاند گەرووی ھورمز بەڕووی ھیچكام لەم وڵاتانەدا ناكرێتەوە كە دەیانەوێت زیان بە ئێران بگەیەنن.
- ھەناردەی نەوتی عێڕاق لە گەرووی ھورمز
پێشتر عێڕاق مانگانە لە ڕێگای ٨٥ بۆ ١٠٤ كەشتییەوە نەوتەكەی لە گەرووی ھورمزدا هەناردە دەكرد كە تێكڕای ڕۆژانە سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا كە گەڕووكە داخراوە عێڕاق ناتوانێت ئەو بڕە نەوتە ھەناردە بكات.
لەنێو ئەو كۆمپانیا و وڵاتانەی كە لە ماوەی ٨ مانگدا، ٥٧٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی مامناوەندی بەسرە و ٣٣٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی قورسی بەسرە و ٣١ ملیۆن بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی ھەرێمی كوردستانیان گواستووەتەوە، تەنھا سێ كەشتییان خاوەندارێتی و كارپێكردنەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا. ئەوانیش ئەو كەشتییانەن كە كۆمپانیای نێودەوڵەتیی سیوەی (Seaway) خاوەندارێتییان دەكات.
بەرزترین ژمارەی ئەو كەشتییانەی لەو ماوەیەدا نەوتی عێڕاقیان لە ھەردوو بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە و بەندەری جەیھانەوە گواستووەتەوە بە پلەی یەك ئەو كەشتیانەی بە ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵ بوون كە بە ڕێژەی سەدا ١٥،٦ و دوای ئەویش بە ڕێژەی ٩،٦ لیبریا، پاشان ھەریەك لە یۆنان بەڕێژەی ٩،٣ لە سەدا و ھیندستان بەڕێژەی ٨،٣ لە سەدا و ھۆنگ كۆنگ بەڕێژەی ٦،٣ لەسەدا دێن.


ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی بڵاویكردەوە، كەشتیی بازرگانیی "ئۆمێگا"، دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێڕاقی لە ڕێگای گەرووی ھورمزەوە بۆ ھیندستان گواستووەتەوە كە نرخی ھەر بەرمیلێك ١٥٠ دۆلار بووە.
- ئێستا عێڕاق یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بۆ یەك ملیۆن ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرھەمدەھێنێت
لە پارێزگاكانی باشووری عێراق، چەندین كێڵگەی نەوتی ھەیە كە بریتیین لە كێڵگەی نەوتی ڕومێلە، فەیحا، قورنەی یەك و دوو، مەجنوون، زوبێر لە پارێزگای بەسرە، ھەریەك لە كێڵگە نەوتییەكانی حەلفایە و بوزورگان لە پارێزگای میسان، كێڵگە نەوتییەكانی ناسرییە و غەراف لە پارێزگای زیقار.
هەروەها كێڵگەیەكی نەوتی ھەیە كەوتووەتە پارێزگای بەغدا كە بە كێلگەی نەوتی ڕۆژھەڵاتی بەغدا ناسراوە. لە پارێزگای واستیش كێڵگەیەكی نەوت ھەیە كە بە كێڵگەی نەوتی ئەحدەب ناوبردرێت.
هاوكات لە سێ پارێزگای باكووری عێڕاقیش ژمارەیەك كێڵگەی نەوت ھەن كە بریتیین لە كێڵگە نەوتییەكانی عجێل، تكرێت و بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین و كێڵگە نەوتییەكانی گەیارە و عەین زالە لە پارێزگای نەینەوا. هەروەها كێڵگەكانی نەوتییەكانی ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبور و خەباز لە پارێزگای كەركووك.
بەرلەوەی شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل دژبە ئێران دەست پێ بكات، عێڕاق لە چوارچێوەی پشكی دیاریكراوی ئۆپێك پڵەس، ڕۆژانە چوار ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیلی نەوتی بەرھەمدەھێنا.


ئێستا عێڕاق بەھۆی وەستانی ھەناردەكردنی نەوت، ڕۆژانە لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی، یەك ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بۆ یەك ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەمدەھێنێت كە ئەو بڕەش تەنھا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و كارپێكردنی پاڵاوگەكانی (باشوور، ناوەڕاست و باكوور)ـە كە ڕۆژانە پێویستیان بە زیاتر لە یەك ملیۆن و ١٠٠ ھەزار بەرمیلە، لەگەڵ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا.
ھەروەھا پێشتر وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاندبوو كە ھەوڵەكانیان دەست پێكردووە بۆ ئەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری بانیاس لە سووریا و عەقەبە لە ئوردن ھەناردە بكەن، بەڵام بەھۆی نەبوونی بۆڕیی گواستنەوە، ئەوا لە چەند ڕۆژی داھاتوودا كێبڕكێ (تەندەر) بۆ گواستنەوەی نەوت بە تانكەر بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگەینن.
ئێستا عێڕاق، ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە بۆڕی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە، ھەناردەی بەندەری جەیھانی توركیا دەكات و ئەگەری ھەیە لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو بڕە زیاد بكرێت و بگەیەندرێتە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا.
- زیانە داراییەكانی وەستانی ھەناردەكردنی نەوتی عێراق بە ھۆی داخستنی گەرووی ھورمز
لە سێی ئادارەوە، ئێران گەرووی ھورمزی بە ڕووی هاتوچۆی گشتییە بازرگانیی و نەوتهەڵگرەكاندا داخستووە كە بەهۆیەوە ھەناردەكردنی نەوتی عێڕاق لە گەرووكە وەستاوە، ئەوەیش لە كاتێكدایە كە عێڕاق بە وڵاتێكی دۆست و ھاوپەیمانییەكی زۆر نزیكی ئێران دادەندرێت.
بەڵام ئێستا بەھۆی وەستانی ھەناردەكردنی نەوتی عێڕاق لە گەرووی ھورمز، ڕۆژانە بە بەھای ٢٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەو وڵاتە كەوتووە، چونكە بەر لە داخستنی گەرووی ھورمز، عێڕاق ڕۆژانە تێكڕا سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل بۆ سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی ھەناردە دەكرد.
بەپێی ئەو داتا و زانیارییانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو كۆی كردوونەتەوە كۆی ئەو زیانە داراییەی كە لە سێی ئادارەوە تا ئێستا بەھۆی داخستنی گەروو ھورمز لەلایەن ئێرانەوە بە عێڕاق كەوتووە، گەیشتووەتە چوار ملیار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، ٩٩ملیۆن و ٨٧٢ ھەزار و ٢٢٠ بەرمیلی نەوت ھەناردەكراوە و كۆی گشتی داھاتەكەیشی گەیشتووەتە، شەش ملیار و ٨١٤ ملیۆن و ٥٨٦ ھەزار دۆلار.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە وەڵامی ھێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر بارەگانیان، بە ئاراستەكردنی مووشەك و دڕۆن چەندین ھێرشیان كردە سەر كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای بەسرە كە ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمریكا كاری تیایدا دەكەن كە ئەوەیش وایكردووە بەشێك لەو كۆمپانیایانە كارەكانیان لە كێڵگە نەوتییەكان ڕابگرن.
لە ماوەكانی ڕابردوودا و كۆمپانیای بریتش پیتڕۆلیۆم (BP)ی بەریتانی كە كارەی پەرەپێدانی لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك دەكرد بەھۆی ھێرشی گرووپە چەكدارەكانەوە، لەو كێڵگانە كشایەوە و ڕادەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق كرد.


- ڕاگەیاندنی ھێزی لەڕادەبەدەر "قوە قاھرە" لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی عێراق
چەند ڕۆژێك لەومەبەر لە میدیاكاندا ئەوە بڵاوكرابوویەوە كە وەزارەتی نەوتی عێراق بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە، حاڵەتی ھێزی لە ڕادەبەدەر"قوە قاھرە"ی لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكان ڕاگەیاندووە.
ھێزی لەڕادەبەدەر"قوە قاھرە"، دەستەواژەیەكی یاسایی و ئابوورییە یەكێكە لەو بڕگانەی كە ھەردوو لایەنی گرێبەست لە ئەركەكانیان ڕەھا دەكات لە كاتی ڕوودانی دۆخێك كە لە دەرەوەی توانا و دەسەڵاتی ئەواندا نییە، وەك ھەڵگیرسانی شەڕ، شۆڕش، مانگرتنی كرێكاران ، یان ڕوودانی كارەساتی سرووشتی وەك یەكێك لەم ڕووداوانە ئەگەری ھەیە ڕێگریی بكات لە لایەنێكی گرێبەستەكە یان ھەردوو لایەن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی بەپێی گرێبەستەكە، بەڵام بڕگەی ھێزی زاڵ كاری پێ ناكرێت ئەگەر كەمتەرخەمی ھەبوو لە ئەنجامدانی كارێكی زیانبەخشدا.
لەگەڵ ئەوەی ئەم دۆخەی ئێستا نیگەرانی لای فەرمانبەرانی عێڕاق دروستكردووە لەھەمبەر خەرجنەكردنی مووچەكانیان، بەڵام وەزیری دارایی ئەو وڵاتە، تەیف سامی دڵنیایی داوەتە فەرمانبەران كە "بوودجەی پێویست بۆ ھەموو مووچەكان و خەرجییە حكوومییەكان و یەكەكانی خەرجكردن دابینكراوە" و ھیچ مەترسییەك لەسەر شایستە داراییەكانی فەرمانبەران نییە.
راپۆرتی/ AA

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group