گروپە چەكدارەكان بازرگانی مادەی هۆشبەریان كردوەتە سەرچاوەی سەرەكی داراییان

1 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی رایگەیاند: بەهۆی روداوەكانی ئەم دوایی ناوچەكە بەتایبەتی شەڕی 28ی شوبات، سەرنجی هێزە ئەمنییەكان لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ بەرەو بەرگری و كاروباری سەربازییە ئەمەش كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر دروستبونی كەلێنی ئەمنی لەسنورەكان هەیە، بەجۆرێك كە تۆڕەكانی قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان بەشێوەیەكی سیستماتیك سود لەم بارودۆخە وەردەگرن بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێی گواستنەوەو بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان بەتایبەت لە ناوچە ترانزێتییەكاندا.
دیندار زێباری جەختیشیكردوەتەوە، بازرگانی مادە هۆشبەرەكان تەنها پرسێكی تەندروستی گشتی نییە، بەڵكو بوەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی دارایی بۆ گروپە چەكدارە لە یاسا دەرچوەكان كە بەوشێوەیە توانای بەردەوامبونیان لە ئاڵۆزی و شەڕەكان زیاد دەكات.
دیندار زێباری لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەشداوە، ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەرییەكی نەرێنی بەرچاوی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە هەیە، بەتایبەت لە بوارەكانی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەكان و مادە كارلێكەرە عەقڵییەكان كە ناسەقامگیریی بەردەوام لەناوچەكە دەبێتە هۆی سستبونی سیستمی كۆنترۆڵی سنورەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ تۆڕەكانی تاوانی رێكخراو دەڕەخسێنێت بۆ فراوانكردنی چالاكییەكانیان لە قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group