ئەگەرچی بۆ چەندین دەیەیە دۆلاری ئەمریکی وەک شادەماری ئابووریی جیھانی و گەورەترین هێزی بازرگانیی نێودەوڵەتی خۆی سەپاندووە، بەڵام قسەکردن لەسەر نەمانی ئەم دراوە لە مامەڵەکاندا چیتر تەنیا بابەتێکی خەیاڵی نییە، بەڵکو بابەتێکی گەرمی ناوەندە ئابوورییەکانە. پاشەکشێ یان نەمانی دۆلار لە گۆڕەپانی مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا هاوکێشەی هێز لە جیهاندا سەروبن دەکات و کاریگەرییەکی زنجیرەیی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات. هەژموونی ئابووری جیهانی لەمڕۆدا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویدایە، ئەو جەنگ و ئاڵۆزییە چڕوپڕەی کە لە ئێستادا لە نێوان تەوەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک، و ئێران لە لایەکی ترەوە دەگوزەرێت، زۆر لەوە قووڵترە کە تەنها وەک تەقینەوەیەکی سەربازی یان کێشەیەکی دیپلۆماسی کاتی سەیر بکرێت. لە ڕاستیدادا، ئەم پێکدادانە وەک زریانێکی تەواو و تاقیکردنەوەیەکی سەختی واقیعی دەردەکەوێت بۆ ئەو سیستەمە داراییەی کە زیاتر لە نیو سەدەیە جڵەوی ئابووری گرتووە، کە ئەویش سیستەمی "پترۆدۆلار"ە. کاتێک سەرۆکی ئەمریکا نیکسۆن گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمریکی بە زێڕ ڕاگرت و کۆتایی بەو سیستمە هێنا کە لە ساڵی 1944ەوە وڵاتان لە کۆنفرانسی "برێتن وودز" لەسەری ڕێککەوتبوون. ئەم شێوازە داراییە لە دوای قەیرانی توندی نەوتی ساڵی 1973 و بەرزبوونەوەی نرخەکەی هاتە کایەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی 1974دا ڕێککەوتنێکی مێژوویی و ژێربەژێری لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعوودی ئیمزا کرد. . بەم شێوەیە وڵاتانی هەناردەکاری نەوت تەنها بە دۆلاری ئەمریکی نەوت دەفرۆشن، لە بەرامبەردا ئەمریکا پارێزگاریی سەربازی و سیاسییان بۆ دابین دەکات. ئەم هاوکێشەیە وایکرد کە هەموو جیهان بۆ کڕینی وزە پێویستی بە کۆکردنەوەی دۆلار بێت، ئەمەش خواستێکی بەردەوام و بێسنووری لەسەر دراوی ئەمریکی دروستکرد و پێگەی واشنتۆنی وەک جەمسەری بێرکابەری دارایی جێگیر کرد. لەم نێوەندەدا، پرسی ڕێگەپێدانی کەشتییە نەوتییەکان لە لایەن ئێرانەوە لە "گەرووی هورمز"دا، نەک تەنها کارتێکی گوشار، بەڵکو بزوێنەری سەرەکی و هۆکاری بنەڕەتییە کە ئەم هاوکێشە جیهانییەی گۆڕیوە. گەرووی هورمز وەک گرنگترین شاڕەگی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کە ڕۆژانە زیاتر لە پێنج یەکی نەوتی بەکارهاتووی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئێستا لەژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی سەربازی و ئاسایشی ئێراندایە. تاران بە شێوەیەک ئەم خاڵە ستراتیژییە وەک چەکێکی ئابووری بەکاردەهێنێت. بە مەرجدارکردنی تێپەڕبوونی کەشتیی هەندێک وڵاتی دیاریکراو بەوەی کە دەبێت مامەڵەکانیان بە "یوانی چینی" یەکلایی بکەنەوە، بەم جۆرە ئێران سیستەمی پترۆدۆلار لە گرنگترین دەروازەی جوڵەیدا ئیفلیج دەکات. کاتێک وزە لە ناوچەیەکی پڕ ململانێی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چیتر تەنها بە دۆلار نەفرۆشرێت و تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمزدا مەرجدار بکرێت، متمانەی جیهانی بەو دراوە بەرەو پاشەکشە دەچێت. چین وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا، مێژوویەکی درێژی لە هەوڵدان هەیە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی دراوەکەی، و ئێستا ململانێی چەکداری و سیاسیی نێوان ئەمریکا و ئێران فەزایەکی زێڕینی بۆ ڕەخساندووە تاوەکو خەونی "پترۆیوان" بێنێتە دی. ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییە، تەنها گەمەیەکی سیاسیی نێوان وڵاتان نییە ، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی مەترسیدار و واقیعییە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان، خاوەن کارەکان و کۆمپانیا گەورەکان. کاتێک سیستەمی پترۆدۆلار بەرەو داڕووخان بچێت و دۆلار پشکی شێری لە بازرگانیی جیهانیدا لەدەست بدات، مانای وایە ئەو دراوەی کە ئێستا هەمووان وەک سەرچاوەی سەرەکیی پاراستنی سەرمایەکانیان سەیری دەکەن، لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی بێبەها بووندایە. نەمان و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی دۆلار لە کڕین و فرۆشتنی کاڵا ستراتیژییەکاندا، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بازاڕە جیهانییەکان و بە دوای خۆیدا بازاڕە ناوخۆییەکانیش دەهەژێنێت. بۆ هاوڵاتییەکی ئاسایی کە هەموو پاشەکەوتەکانی بە دۆلاری ئەمریکی هەڵگرتووە، ئەم گۆڕانە جیهانییە پەیامێکی ڕوونی هەیە: چیتر نابێت دۆلار وەک تاکە پەناگەی ئارام سەیر بکرێت. گۆڕانی پێکهاتەی ئابووری بەرەو سەرهەڵدانی پترۆیوان، ئەگەری ئەوەی هەیە کە لە ماوەیەکی کورتی کاتیدا بەهای کڕینی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دابەزێنێت. ئەمەش مانای وایە ئەو پارەیەی کە ئەمڕۆ پێداویستییەکانی خێزانێکی پێ دابین دەکرێت، لە بەیانییەکی نزیکدا تەنها بەشێکی کەمی ئەو پێداویستییانە بکڕێت، چونکە بازاڕەکان ناچار دەبن خۆیان لەگەڵ دراوە بەهێزەکانی تری وەک یوانی چینی یان تەنانەت کڕینی زێڕدا بگونجێنن. بۆیە، ئەم بابەتە وەک زەنگێکی ڕاستەقینەی هۆشیارکردنەوەیە بۆ هەر کەسێک کە دەیەوێت لە باهۆزە داراییە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوودا سەلامەت بێت. کۆمپانیاکان پێویستە لە ئێستاوە دەست بکەن بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی دارایی خۆیان و تەنها پشت بە دۆلار نەبەستن، بەڵکو سوود لە دراوە جیهانییە جێگرەوەکان و کڕینی زێڕ وەربگرن بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی مەترسییەکان. بە هەمان شێوە هاوڵاتیانیش پێویستە تێبگەن کە چەمکی متمانەی ڕەها بە دۆلار لەم سەردەمە نوێیەدا خەریکە دەبێتە مێژوو. لەبەر ئەوە، دەتوانین بڵێین کە ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا گرژییەکان بەردەوام بن و ئێران سوور بێت لەسەر بەکارهێنانی یوانی چینی بۆ پارەدارکردنی ڕێڕەوە نەوتییەکانی و توندکردنی پرۆسەی ڕێگەپێدانی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، ململانێ ناوچەییەکان، کە لە سەرەتادا وا دەردەکەوتن تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران بن، لە ڕاستیدا دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ وەرینی گەڵاکانی دارە بە تەمەنەکەی پترۆدۆلار و ڕەخساندنی زەمینە بۆ سەرهەڵدانی سەردەمی پترۆیوان و سیستەمێکی نوێی دارایی جیهانی کە چیتر تەنها یەک جەمسەر بڕیار بەدەست نەبێت، و ئەوانەی لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئامادە نەکەن، دەبنە قوربانیی یەکەمی ئەم زریانە بێ بەزەییە. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.