سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان: نزیكەی 83%ـی وەبەرهێنەران ناوخۆیین
58 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، كار و بەرهەمی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بەردەوامە و نزیكەی 83%ـی وەبەرهێنەران ناوخۆیین و ئێمە لە پشتگیری وەبەرهێنەران بەردەوامین.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەم چەند رۆژەی رابردوودا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبووەنەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، وێڕای جەختكردنەوە لە پشتگیریی وەبەرهێنەران، داوای لێكردن لەو پرۆژە گەورانەی كە حكومەت هەیەتی، لە هەموو سێكتەرەكان و بەتایبەت كارگەی گەورە، خۆیان بەیەكەوە گرووپی بەهێز دروست بكەن و كارەكان بكەن.
باسی لەوەشكرد، دەستەی وەبەرهێنان لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 تا چارەكی یەكەمی ئەمساڵ، 754 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی 22 ملیار دۆلار، بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی داوە.
محەمەد شوكری ڕاشیگەیاند، چالاكبوونی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، سەقامگیری هەرێمی كوردستان و یاسای وەبەرهێنان وایانكردووە، لەم ساڵانەی دواییدا وەبەرهێنەری زیاتر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
وتیشی: وەبەرهێنەرانی چینی، پشكی شێریان بەركەوتووە و بە بڕی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان دەكەن.
محەمەد شوكری ڕاشیگەیاند، ئێستا وەبەرهێنەرانی چینی بۆ دامەزراندنی سێ كارگەی گەورەی بەرهەمهێنان و بەیەك بەستنەوەی پارچەكانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێم گەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی، چاوەڕوان دەكرێت ئەم پڕۆژانە جگە لە رەخساندنی هەلی كار، بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی بازاڕی ناوچەكەش دابین بكەن.