نەوا-
بەبۆنەی تێپەڕبونی 9 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕان، بزوتنەوەكە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو لە بەشێكیدا هاتوە، هەرێمی كوردستان بە قەیرانی قوڵی سیاسی، ئابوری، دامەزراوەیی و دابەشبونی كۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێت، لاوازبونی متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەكان و لاوازبونی پێگەی هەرێم لە عێراقدا سەلمێنەری ئەو راستییە تاڵەن كە هۆشدارییەكانی نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی راست و دروست بون، ئێستا لە هەركات زیاتر دەزانرێت نەبونی دامەزراوەی نیشتمانی و هێزی پێشمەرگەی یەكگرتو و دادگایەكی سەربەخۆ سێكوچكەی مەترسین بۆ قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاندوە، دنیابینیەكانی نەوشیروان مستەفا لەچوارچێوەیەكی سیاسیی، یان لەناو بزوتنەوەیەكی سیاسی قەتیس ناكرێن، بەڵكو وەك موڵكی هاونیشتمانیان و پرۆژەیەكی نیشتمانیی گشتگیر دەمێننەوە، دیدگاكانی بۆ چەسپاندنی حوكمی یاسا، ریشەكێشكردنی گەندەڵی، گەڕاندنەوەی كەرامەت بۆ تاكی كورد ئێستا بونەتە تەوەری سەرەكی داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵكی كوردستان، هەر بۆیە لەم یادەدا بانگەواز دەكەن بۆ یەكخستنەوەی ریزەكانی نێوماڵی كورد لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی، نەك حیزبی.