نەوا-
كازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو پێشنیارە نوێیانەی ئاشكرا كرد كە بۆ راگرتنی جەنگ ئاڕاستەی ئەمریكایان كردوە.
ئاژانسی فەرمی ئێران ئیرنا بڵاویكردەوە، غەریب ئابادی لە كۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان، راپۆرتێكی گشتگیری سەبارەت بە دۆخی ئێستای پرۆسەی دیپلۆماسی نێوان ئێران و ئەمریكاو ئەو پێشنیارەی تاران ئاڕاستەی واشنتۆنی كردوە پێشكەشكردوە.
ئابادی جەختیكردوەتەوە كە پاراستنی مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و سودوەرگرتن لە وزەی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە لە بنەما سەرەكییەكانی دانوستانەكانن، پێشنیارە نوێیەكەشیان بۆ كۆتاییهێنان بەجەنگ هەمە لایەنەیە وەك هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، گەڕاندنەوەی سامانی ئێران و قەرەبوكردنەوەی زیانەكان، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاكان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكایە لە دەوروبەری ئێراندا.