هەنگاوەكانی دوای عەبدولمەهدی، ئەگەرو ئاڵنگاریەكان

سالار مەحمود

29/11/2019

پێشكەشكردنی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، پێشهاتی نوێ دێنێتە پێش.
رێكارەكانی كە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران بیگرێتەبەر لەچوارچێوەی دەستوردا دەبێت، بەڵام دەستور ئاماژەی نەكردوە بە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوە. تەنیا حاڵەتی چۆڵبونی شوێنی سەرۆك وەزیران بەهەر هۆكارێك بێ و لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریكراوە.
لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا ئەم حاڵەتە ئاماژەی پێ نەكراوە. سەرۆك وەزیران دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی پەرلەمان دەكات. لەدەستلەكاركێشانەوەكەیدا پێدەچێ داوای بەخشین (ئیعفا) بكات لە سەرۆكایەتیكردنی قۆناغی كاربەڕكردنیش، پەرلەمانیش پەسەندی دەكات و بڕیارەكەی پەرلەمان ئاراستەی سەرۆك كۆمار دەكرێت، سەرۆك كۆمار بەپێی مادەی (81) لەدەستوری هەمیشەیی دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران لەكاتی چۆڵبونی (خلو)ی پۆستەكە مومارەسە دەكات. سەرۆك كۆمار لەماوەی 15 رۆژدا كاندید بۆ پۆستەكە پێشكەشی پەرلەمان دەكات. ئەم رێكارەش بەپشت بەستن بەمادەی (76)ی دەستور ئەنجام دەدرێت.
پاشان سەرۆك وەزیرانی نوێ ناوی وەزیرە نوێیەكان پێشكەشی پەرلەمان دەكات بۆ پەسەندكردن ئەشێ چەند وەزیرێك لەشوێنی خۆیان بمێننەوە. لەهەموو حاڵەتێكدا حكومەتەكە كاتی و كاربەڕێكەر دەبێ تا هەڵبژاردنی داهاتوو.
گفتوگۆی جیاواز لەلایەن شارەزایانی بواری دەستور لەم بارەیەوە دروستدەبێت. بابەتی كوتلەی زۆرینەو دیاریكردنی كاندیدی نوێ مشتومڕی تر دروست دەكەن. پەرلەمان لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا و لەژێر فشاردا یاسای هەڵبژاردن و یاسای كۆمسیۆنی نوێ پەسەند دەكەن.
لەو چوارچێوەیەدا كاتی هەڵبژاردنی ئایندە لەلایەن پەرلەمان و بەهەماهەنگ لەگەڵ سەرۆك كۆمار دیاری دەكەن. سەقفی ئەم كارەش شەش مانگ زیاتر ناخایەنێ.
مەرجەعیەت لەدوایین پەیامیدا بەتەواوی بێ ئومێدی لە چارەسەری دۆخەكە لەلایەن حكومەتی ئێستاوە راگەیاند و پەرلەمانی هاندا بۆ كاركردن بە میكانیزمێكی تر لەو متمانەیەی بەحكومەتی دابوو.
ئەم پرۆسەیە بەم رێكارانەش هێشتا ئاسان نییە، چونكە ئەمە بەشێكە لە داخوازی خۆپیشاندەران نەك هەمووی. خۆپیشاندانەكانیش تا بەدیهاتنی داخوازیەكانی تریان كۆتایی نایەت.
لەهەمانكاتدا لەپەرلەمانەوە ئاڵۆزی نوێ دروست دەبێ، چونكە داواكاری لادانی سەرۆكی پەرلەمانیش دەبێتە بابەتێكی گەرم. زیاد لە كوتلەیەك پلانێكی لەو جۆرەیان هەیە.
كوردستانیش زۆنگێكی دابڕاو نییە لە كاریگەریەكانی ئەو رووداوانە، نزیكترینیان بە رۆیشتنی عادل عەبدولمەهدی، كورد دۆستێكی بێ دەسەڵاتی لەدەستدا. پرۆسەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش كەوتە ئایندەیەكی نادیارەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group