كاروان یاروەیس ئەمڕۆ حكومەتی ئیتیحادی ڕوفاتی پیرۆزی (١٥٠) ئەنفالكراو ڕادەستی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە، لە كاتی هەڵدانەوەی ئەم گۆڕەدا ئێمە چووینە تەلشێخ و لە نزیكەوە بینیمان. هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفال و هێنانەوەی ڕوفاتەكانیان بۆ كوردستان و پشكنینی (DNA) و جولاندنی دۆسیەی داواكراوانی ئەنفال لە دادگا، بە مۆنۆمێنتكردنی ئەو سەربازگە و قەڵایانەی كە بەكارهێنران لە ئەنفالدا، لەو دۆسیە گرنگانە بوون كارم لەسەر كردن، كە لە داهاتوودا دەیكەم بە كتێبێك. ٢٢ی كانونی دووەمی ٢٠٢٤ ڕۆژێكی ساردی وشكی بەغداد، كە تازە نەشتەرگەریم كردبوو هێشتا تەواو چاك نەبووبوومەوە، كاتژمێر (٥)ی بەیانی لەگەڵ پەرلەمانتار سروە محەمەد لەگەڵ شانازخان بەڕێكەوتین بۆ سەماوە، لەوێشەوە بۆ بیابانەكان و ناوچەی تەلشێخ بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەكۆمەڵی ئەنفالكراوەكانی گەرمیان. ڕێگایەكی دوور و تاقەتپڕووكێنەر، لە ناخی خۆمدا ئەو پرسیارەم دەكرد، ئێمە بە ئۆتۆمبێلێكی تازەوە وا ماندوو بووین، تۆ بڵێی ئەنفالكراوەكانمان لە دوای زیل و بە قرچەی گەرمای هاوین و بە برسێتی و ترس و تۆقاندنەوە حاڵیان چۆن بووبێت. تا نزیك دەبووینەوە لە بیابان و دوا مەنزڵگای ئازیزانی ئەنفالكراوانمان، زیاتر هەستێكی سەیر لە خەم و دڵەڕاوكێ باڵی بەسەرمدا دەكێشا. لە دەروونمەوە لە خودای گەورەم دەپرسی «خوایە ئەو ڕقە چی بووە، كە لەو گەرمیانەوە سەدام ژن و منداڵ و پیر و گەنجی كورد بهێنێت لە ئەو پەڕی عێراق و لەم بیابانەدا زیندەبەچاڵیان بكات؟». لە تەلشێخ تەنها ئاسمانت لێوە دیارە، بیابانێكی لمیی بەرین، وشكە سەرمایەك. گەیشتینە سەر گۆڕەكان تەزوویەك بە هەموو لەشمدا هات، پێشتر لە پزیشكی دادی بەغداد ڕوفات و كەلوپەلی ئەنفالكراوانم بینی و بەدواداچوونم بۆ كرد، بەڵام هەرگیز ئازارەكەی ناخم وەك ئەوە نەبوو لە ناو گۆڕدا و لە شوێنی تاوانەكە ڕوفاتی ئەنفالكراوان ببینم. ژن و منداڵ، پیر و گەنج، ١٥٠ مرۆڤی بێتاوانی كورد لە یەك چاڵدا بە زیندویی نێژرابوون، پانیی گۆڕەكان (٣)م و درێژییان (١٦) مەتر. ترس لە مردن و باوەش بە یەكتركردن و بە ئامێزگرتنی توندی منداڵ و دایك، كوڕ و باوك وای كردبوو گرمۆڵە بن و لەو گۆڕە تەسكەدا جێگەیان ببێتەوە. جلوبەرگەكان ڕەنگ و مۆدێلیان، ئەستوورییان دیار بوو هی (٨٨) و هی مانگی چوار و هی گەرمیان بوو. وێنەی فانیلەیەكی بەهارەی مێردمنداڵێكی (١٢) ساڵان كە خەتی ڕەنگاوڕەنگی تێدا بوو، بڵاوم كردەوە، دواتر پەیوەندییەكم بۆ هات، كاك ئەحمەد كە كەسوكاری ئەنفالە، بە گریانەوە گوتی «كاك كاروان ئەوە فانیلەی براكەی منە» پێم گوت چۆن دەزانیت؟ گوتی «خۆم بۆم كڕی لە بازاڕی كەلار پێش ئەوەی ئەنفال بكرێت». هەندێك ئێسك و پرووسك لە ناو دەبە و قوتی دانرابوون، لە یەكێك لە ئەندامانی تیمەكەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانمان پرسی ئەمانە چیین؟ گوتیان «ئەمانە ئێسك و پرووسكی منداڵی ناو سكی ئەو ژنانەن كە دووگیان بوون و ئەنفالكراون، بۆیە لە ناو دەبە هەڵمانگرتوون چونكە ئێسكیان زۆر ناسكە نەبادا ڕەشەبا بیانبات!». گۆڕەكان پانۆرامایەكەن، كە ڕوفاتەكان و جووڵەیان پێش زیندەبەچاڵكردن، هاواریان لە ئازار و ترسدا، فیشەكی بەركەوتووی سەری سەر و جەستەیان، باوەش پێداكردنی منداڵ بە دایكی، جلوبەرگیان، پێداویستییەكانیان، هەموو ئەمانە و سەدان ئاماژەی تر، بەدبەختی و بێكەسیی كورد و دڕندەیی و ڕقی قێزەونی دوژمنانیان پێشان دەدەن. بە دیار گۆڕەكەوە، تاسابووم، لە یەك ساتدا چەندین پرسیار لە مێشكمدا دەهاتن و دەچوون، لە ئەندێشەمدا دیمەنی ساتی زیندەبەچاڵكردنیان دروست دەبوون. «خودایە ئێمە چەند میللەتێكی بێكەس بووین، چەندیش خۆمان خەمسارد بووین بەرامبەر بەم تاوانە گەورەیە؟». دەبوو هەموو نێردەی وڵاتان، پەرلەمانتاران و كاربەدەستان ببرێنە سەر گۆڕەكان و بە چاوی خۆیان ببینن كورد چۆن جینۆساید كراوە، چۆن بێكەس كوژراوە.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.