"٨١"هەمین كۆڕی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گەڕێكی دیكەی پێشهات و جموجوڵی لەنێوان ئێران و ئەمریكادا هێناوەتە پێشەوە، لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی نیویۆركدا، ئەمریكا بە دوو گوتاری جیاوازەوە بەرامبەر ئێران دەردەكەوێت، گوتاری هەڕەشە و گوتاری دانوستان، لە كاتێكدا دۆناڵد ترامپ بە وشەی توند هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەكان دەكات، لە هەمان كاتدا باس لە گفتوگۆ دەكات و پێی وایە لە كۆتاییدا دەكرێت بگەنە ڕێككەوتن، ئەم ئیزدیواجیەتەش گەمەیەكی سەرپێی نیە، بەڵكو وێنەی ستراتیژییەكی فشار و دانوسانە، كە لە ئێستادا سیاسەتی واشنتۆن بەرامبەر تاران پێناسە دەكات، لە بەرامبەردا، وەفدی ئێران زیاتر جەخت لە زمانی ڕێككەوتن و كرانەوەی دیپلۆماسی دەكاتەوە. ئەوەی لە نیویۆرك ڕوودەدات، تەنها ئاڵوگۆڕی لێدوان و پەیامی سیاسی نییە، هەوڵێكی نوێیە بۆ دیاریكردنی سنووری جەنگ و مەرجەكانی ڕێككەوتن، پەیوەندییەكانی نێوان عەباس عێراقچی و نێردراوانی ترامپ، ستێڤ ویتكۆف و جارێد كوشنەر، هەرچەندە هێشتا چۆنیەتی ئەم گفتووگۆیە ڕیوایەتی جیاوازی لەسەرە، دوای مانگێك لە داخستنی دەرگاكانی گفتوگۆ، جارێكی دیكە كێشەكەیان لە مەیدانی ئاڵۆزییەوە هێناوەتە سەر مێزی دیالۆگ، ئەوەش گۆڕانێكی گرنگە، بەڵام بە مانای كردنەوەی گرێ سەرەكییەكان نایەت. جەوهەری ئەم شرۆڤەیە ئەوەیە، ئایا لوتكەی نیویۆرك دەتوانێت گرێی ئاستەنگەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بكاتەوە؟ بەنیسبەت ئێرانەوە، ئاماژەكان بە ئاراستەی كرانەوەن، هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە نیویۆرك، مەسعود پزیشكیان و عەباس عێراقچی هەوڵیان دا ئەو وێنەیە پیشان بدەن، كە تاران بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكی دیپلۆماسی و گەیشتن بە ڕێككەوتن ئامادەیە، بەو مەرجەی گفتوگۆ لە زمانی هێز و فشار دوور بێت. لە دۆسیەی ئەتۆمیشدا، پەیامی ئێران ئەوەیە، كە بەدوای چەكی ناوكیدا ناگەڕێت، بەڵام سنوورداركردنی بەرنامە ئاشتییانەكەی بە شێوەیەكی كۆتوبەند قبوڵ ناكات. لە هەمان كاتدا، ئاژانسی هەواڵی نێودەوڵەتی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێكی باڵای ئێران ئاماژەی بەوەكردووە، تاران ئامادەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز بكاتەوە، بە مەرجێك واشنتۆن فشارەكانی كەم بكاتەوە و گەمارۆی بەندەرەكانی ئێران هەڵبگرێت، ئەم پێشنیارە، لەگەڵ بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی نیویۆرك، نیشانی دەدات تاران ئەمجارە شكاندنی بەستەڵەكی رێككەوتن و گەڕاندنەوەی دیپلۆماسی بە هەڵبژاردەیەكی جدیتر دەبینێت. بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە شاندی ئێران تا چەند خاوەنی دەسەڵاتی بڕیاردانی كۆتاییە لە تەرجەمەی هەر كرانەوەیەك بۆ ڕێككەوتنێكی واقیعی؟ چونكە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گفتوگۆكانی نیویۆرك، میدیای نزیك لە سوپای پاسداران ڕەخنەی توندیان لە هەنگاوەكە گرت و باس لەوەش كرا، كە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هەندێك لە ناوەندە پەیوەندیدارەكانی بڕیاردان ئەنجام دراوە، ئەمەش پێمان دەڵێت، كە شاندی ئێران دوو ئەركی زۆر قورسی لە كۆڵدایە، لە دەرەوە، گەیشتن بە لێكتێگەشتنێك لەگەڵ واشنتۆن، كە بەشێك لە داواكارییەكانی هەردوو لا لەخۆ بگرێت، لە ناوخۆشدا، قایلكردنی ئەو ناوەندە جیاوازانەی بڕیاردان، كە سنوور و مەرجی خۆیان بۆ هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، بۆیە سەركەوتنی هەر هەوڵێك لە نیویۆرك، بەستراوەتەوە بە قایلكردنی ناوەندەكانی بڕیاردان لە تاران. لە بەرامبەردا، واشنتۆنیش بە چاوی تاقیكردنەوەیەكی سیاسیەوە سەیری دەرفەتی نیویۆرك دەكات، نە دەرگای ڕێككەوتنی داخستووە و نە فشاری لەسەر تاران كەم كردووەتەوە، ستێڤ ویتكۆف دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ عێراقچی گەشبینیی خۆی بە بەردەوامبوونی پرۆسەكە دەربڕیوە و ترامپیش باس لە دروستبوونی ئەگەرێك بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا، هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز و فشاری ئابووری لە گوتار و هەنگاوەكانی كۆشكی سپی ون نەبووە، واتە ئەمریكا گفتوگۆ بە جێگرەوەی فشار نابینێت، هەردووكیان وەك دوو ئامرازی هەمان ستراتیژی بەكاردەهێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئیدارەی واشنتۆن بەم ستراتیژە دەیەوێت بە دیپلۆماسی دەرچەی ڕێككەوتن و هاتنەپێشەوە بۆ تاران بە كراوەیی بهێڵێتەوە، بە فشاریش مەرجەكانی ئەو ڕێككەوتنە بە قازانجی خۆی حەسم بكات. لەنێوان دوو خوێندنەوەی جیاوازی تاران و واشنتن بۆ ڕێككەوتن، نابێت وا تێبگەین كە كۆی چارەسەری ئەم قەیرانە لە لوتكەی نیویۆركدایە، چونكە پرسی ئێران پەڕیوەتە نێو هاوسەنگی هێز و ئاسایشی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆسیەی ئەتۆمی، كە تا پێش هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ، تەوەری سەرەكی ناكۆكیی تاران و واشنتۆن بوو، ئێستا تەنها یەك بەشە لە وێنەیەكی فراوانتر، گەرووی هورمز و ئاسایشی هاتوچۆی وزە، بابولمەندەب و حوسییەكانی یەمەن، ئاسایشی سعودیە و وڵاتانی كەنداو، بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران، پرسی حیزبوڵای لوبنانی، لە هەمووی هەستیارتر، ملمەلانێی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل، هەموویان هێڵە جیاوازەكانی هەمان قەیرانن، بۆیە پرسەكە تەنها ئەوە نییە، تاران و واشنتۆن دەتوانن بگەنە ڕێككەوتن یان نا، بەڵكو ئەوەیە هەر ڕێككەوتنێكی نێوانیان تا چەند دەتوانێت زمانەتی ئیحیتوای بەرەكانی دیكەش بكات، لە حوسییەكان و پەیوەندییان بە ئاسایشی سعودیە و بابولمەندەبەوە، تا حیزبوڵڵا و ملمەلانێی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل!؟ لە كۆتاییدا، نیویۆرك وەڵامی یەكجاری پرسیاری (جەنگ یان ڕێككەوتن) ناداتەوە، بەڵام ئاراستەی وەڵامەكە ڕوونتر دەكات٫ ئەوەی تا ئێستا لە هەڵسوكەوتی تاران و واشنتۆن دەردەكەوێت، ئەوەیە هیچ كامیان جەنگ بە یەكەم هەڵبژاردە نابینن و هەردوو لا دەرگای ڕێككەوتنیان بە كراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام هەمان ئەو دۆسیانەی كە هانیان دەدەن بەرەو دانوسان، دەتوانن بە هەر حیسابێكی هەڵە یان تێكچوونێكی نوێ ئاراستەكە بگۆڕن، بۆیە گرنگی لوتكەی نیویۆرك لەوەدا نییە، كە جەنگی كۆتایی پێهێناوە یان ڕێككەوتنی مسۆگەر كردووە، گرنگییەكەی لەوەدایە دوای قۆناغێك لە هەڕەشە و داخستنی دەرگاكانی گفتوگۆ، جارێكی دیكە دیپلۆماسی خستووەتە ناو هاوكێشەكەوە. لەبەر ئەوە، وەڵامی ئەم شرۆڤەیە لە نێوان ئەو دوو بۆچوونەدایە ڕێككەوتن ئێستا دەرفەتێكی واقیعییە، بەڵام تا ئەو كاتەی گرێكانی تاران و واشنتۆن و بەرە هەرێماییەكانی قەیران نەكرێنەوە، جەنگ هەر وەك ئەگەری شكستهێنانی دیپلۆماسی لە پشت دەرگاكە دەمێنێتەوە.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.