بەریەككەوتنی راستەوخۆی ئەمریكا و ئێران هەر لەسەر خاكی عێراق دەبێت

لەشكر حەمەساڵح

07/01/2020

چەند رۆژێك بەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس تێپەڕیوە و ئێستا خەریكە وردە وردە شۆكی ئەو رووداوە كۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی كۆتایی نایەت لێكەوتەكانی ئەو رووداوەیە لەسەر عێراق و ناوچەكە و تەنانەت جیهانیش.
كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و ژمارەیەك لە یاوەرانیان لە حەشدی شەعبی رووداوێكی ئاسایی نییە هەروەك كاردانەوەكانی ئەو رووداوەش ئاسایی نین.
چاودێرانی سیاسی وایدەبینن ئەوەی روودەدات پێشهاتێكی نوێیە كە بەریەككەوتنی ئەمریكا و ئێران لە شەڕی وەكالەتەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەگەری بەریەككەوتنی خودی خۆیان.
ئەم پێشهاتە، لێی چاوەڕوان ناكرێت بەمزووانە بەریەككەوتنەكە بەرێتە سەر زەمینی یەكێك لەو دوو لایەنە بەریەككەوتوە، بەڵكو خوێندنەوەكان بەو ئاراستەیەن كە ئەگەری بەریەككەوتنی راستەوخۆی ئەمریكا و ئێران هەر لەسەر خاكی عێراق دەبێت.
بەڵام، پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كە ئایا ئەو دوو وڵاتە، كە یەكێكیان زلهێزێكی جیهانی و ئەویتریش زلهێزێكی هەرێمایەتییە و سەری لە هاوسەنگی و هاوكێشەی جیهانی دەردەچێت، ئامادەیی خودی و بابەتیان هەیە بۆ بەریەككەوتنێكی لەو جۆرە؟
ئەمریكا رووی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە و خودی ترامپ بە نیازە چوار ساڵی تر لە كۆشكی سپی بمێنێتەوە، ئێرانیش لە ژێر گەمارۆ و فشارەكان لە رووی ئابووری پاشەكشەی ئاشكرای پێوەدیارە، ئایا ئەم رەوشە هی ئەوەیە تاران و واشنتۆن بەریەككەوتنی راستەوخۆ دەست پێبكەن؟ یان وەك دەوترێت دەستدەكەن بەشكاندنی ئێسكی یەكتری؟ یان لانی كەم مەیلی ئەوەیان هەیە ئەوە بكەن كە باس دەكرێت؟
عێراق، لە رێگەی پەرلەمانەوە بڕیاریداوە بە دەركردنی هێزە بیانییەكان، لەمەشدا بەتایبەتی مەبەستی ئەمریكایە، ئایا ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە كە مەترسی شەڕ لە عێراق دوور بخرێتەوە یان سەرەتای هەنگاوی بەغدادە بۆ خۆساغكردنەوە لە بەرەی تاران دژی واشنتۆن؟
بێگومان خۆساغكردنەوەی بەغداد لە بەرەی ئێران دژی واشنتۆن هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت، چونكە ئەمریكا سەدان ملیار دۆلار و خوێنی سەدان سەربازی خۆی لە دوای 2003 لە عێراق خستۆتە وەبەرهێنانی سیاسی و ستراتیجی و پێناچێت وا بە زەرەرمەندی و بە دەستی بەتاڵەوە دەربچێت.
ئەوەی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران روویدا بەو ئاراستەیە نییە كە مەترسی شەڕ لە عێراق دوور بكەوێتەوە بەڵكو سەرەتای قۆناغێكی نوێیە كە رەنگە بزانرێت چۆن دەستی پێكرد بەڵام نازانرێت كەی و چۆن كۆتایی دێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group