یەكێتی بۆ وای لێهات؟!

له‌تیف مسته‌فا

04/02/2020

لە بیرمانە تاڕوخانی سەدامیش لە چاو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عیراقیش و پارتی-یش ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی تا ڕادەیەك لە هەردووكیان باشتر بوو.
كاتێك لە حكومەتی سلێمانی سولفەی زەواج و سولفەی خانوبەرە و خزمەتگوزاری شارەوانیەكان و قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی گەڕەكەكان، موچەی ڕێك و پێك و بەردەوام هەبوو لەچاو ئەو داهاتە كەمەی ئەوسا، لە هەولێر هیچی نەبوو .
لەبیرمە ساڵی 2001 بۆ پەیداكردنی سەرچاوەی زانستی بۆ ماستەرنامەكەم چومە هەولێر لەوێ بەئاشكرا دەیانوت خۆزگەمان بە ئێوە، لە هەردوو ڕوەكانی خزمەتگوزاری و ئازادیش، لەبیرمە سایق تەكسیەك بە چرپەوە ڕەخنەی لە دەسەڵاتی پارتی دەگرت، وتم ئەوە چییە كاكە ئەڵێی لەسەردەمی پێش ڕاپەڕین دەژیت؟، بە زمانێكی گاڵتەئامێزی هەولێریانە وتی (جا كێ دەرێ لێرە ڕاپەڕین كرایە؟).
كادری دارایی گومرگ و دارایی یەكێتی تا ئەوساش گیانی دڵسۆزی و دەسپاكی تێدا مابوو بەدڵ و بەگیان كۆیان دەكردەوە و كەمترین دزی و بەهەدەردانی لێدەكرا، یەكێتی-یش كە تا ئەوكاتیش خەسڵەتەكانی حیزبی تێدا مابوو حیزبێكی سەخی تەبیعەت و دەسكراوە بوو پارەكانی لە خزمەتی خەڵكی سەرف دەكرد، لە ڕوی جەماوەریشەوە سەدا نەوەدی خەڵكی سلێمانی ئەو ناوچانە نەك هەر یەكێتی بون بەڵكو دەروێشی یەكێتی بوون. بەڵام لەدوای 2003 وە هەموو شتێك قڵپ بۆوە.
ئێستا گەیشتۆتە ئەوەی لەهەموو ڕوەكانەوە لە پاشی پاشەوەیە، لە روی خەدەماتەوە ناوچەكانی سلێمانی و سەوزی جاران لەگەڵ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی عاسمان و ڕێسمانیان فەرقە.
كادری دارایی و ئیدارەی گشتی هەموو بونە لۆرت و گەندەڵیەكانیان گەیشتۆتە لوتكەو كەس نازانێ سامانی حیزبەكە چی لێدێت، نەك هەر كەس ناوێرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكات بەڵكو ئەوان بەزەبری پارە كۆنترۆڵی حیزبەكەشیان كردوە.
لە ڕوی جەماوەریشەوە ئێستا وای لێهاتوە یەكێتی بون لە سلێمانی بوە بە عەیبە، باشترین بەڵگە لە ناوەندی قەڵا كۆنەكەی خۆی كە سەنتەری سلێمانییە یەك كورسی نەهێناوە.
بەداخەوە گوێ لەڕەخنەكان و كەسی دڵسۆز نەگیرا، هەرچی ماستاوچی نەبوو یان پیاوی « بنكردەكان » نەبوو یان رەخنەی لێگرتن دوریان خستنەوە و بەعسی و ماستاوچیەكان و دزەكان و پیاوەكان و شەریكە دزەكانی خۆیان لە شوێن دانان
سەرنجام حیزبەكەش و ناوچەكەش زەرەرمەندی یەكەم بوون، من خەمی حیزبەكەم نییە، بەڵام خەمی ناوچەكەمە، كە بەهۆی دەسەڵاتدارێتی ئەوان و ئێستا گۆڕانیش بونەتە گاڵتەجاڕ و مەخسەرەی خەڵكی تر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group