ئەرێ شتێك هەبوو، ناوی "یەكێتی مامۆستایان بوو"!

لوقمان غەفور

17/05/2020

ساڵی 1998 بووم بە مامۆستا، بەڵام بەشێوەی محازر. كاتێك لەگەڵ مامۆستا سەمیرە، بەڕێوەبەری ناوەندیی بێخاڵ-ی كچان رێككەوتین وانەی بۆ بڵێمەوە، دەمزانی كە ئەوەی بە نیازم خۆمی بۆ تەرخان بكەم نەك ژیانم دابین ناكات، بەڵكو ژانەسەری زیاترە، بەڵام پسپۆرێتییەكەم وابوو دەبوو ببم بە مامۆستا.
بەڕێوەبەرەكە پێی وتم: وانەی دینار و 250 فلس وەردەگریت، ئەویش لەكاتی خۆیدا نییە، دەشێت دوو مانگ دواتر یان سێ مانگ دواتر وەریبگریت. كارەكە ناچاری بوو، بەڵام ئەبێت جدیش بم، چونكە نەوەیەك چاوەڕێی دەستی منە. لەهەمانكاتدا تێگەیشتم ئەم پیشەیە لە بنەڕەتەوە سوك كراوە.
دواتر ساڵی 1999 هەوڵی دامەزراندنم دا، پسپۆڕییەكەم (فیزیا) بوو پێویستییەك بوو بۆ زۆربەی خوێندنگاكان و لە زۆر خوێندنگاكانی كوردستان مامۆستای فیزیا نەبوو، بەڵام ئەوەی سەیر بوو ئەبوو واسیتەیەكم هەبوایە ئەوكات دامەزرام.
هەموو مامەڵەیەكم تەواوكرد، بردم بۆ بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی، كەچی لە كاتی تۆماركردن، خانمێكی بەڕێز فایل و وەرەقەی توڕدا، وتی: كوا، پشتگیری "مەڵبەند"؟.
زۆر توڕە بووم، بە تووڕەیی وتم "ئێ خۆ من ناچم كۆبوونەوەی حزبی بكەم، ئەچم وانە بە چوار خوێندكاری داماوی ئەو قەزا و ناحیەیانە ئەڵێمەوە"!
دیار بوو كەس ئەم وەڵامەی نەدابۆوە، وتی "دەبڕۆ ئەوە فایلەكەت، تەعین ببە". خۆ قسەكەی ئەو تەواو بوو، تا تەزكییەی مەڵبەندم نەبرد، دانەمەزرام. ئەمجارەش تێگەیشتم بە ئارەزوو ئەم پیشەیە سووككراوە.
كە بووم بە مامۆستا، سەیری یەكەم موچەم كرد، نزیك 5 دینار لە موچەكەم بڕاوە، لە خاتوو سێوە خزر بەڕێوەبەری قوتابخانەی تابینی كچان-م پرسی، ئەمە چییە بۆ بڕدراوە؟
وتی: ئەوە نەسریەیە بۆ ئەندامبونی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان.
وتم: ئێ من ئەندام نیم.
وتی: ئەندام نیم نییە، بویت بە مامۆستا ئەبێت ئەندام بیت و ئیلزامییە، لە پەروەردەوە ئەو پارەیەی لێدەرەكەن و ئەینێرن بۆ یەكێتی مامۆستایان.
ئەمجارەش زانیم ئەم پیشەیە بەئاشكرا ئەتك ئەككرێت.
من نازانم ئێستا ئەو بڕیارە ماوە یان نا بوون بە ئەندام ئیلزامییە، بەڵام ئەوەندە ئەزانم كە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ماوە و هێشتا نەڕوخاوە، هەرچۆن بێت مامۆستایانی خۆپیشاندەر داوای مووچە ئەكەن تاكە رێكخراوێكیش نوێنەری ئەوان بێت یەكێتی مامۆستایانە.
سەرئەنجامی ئەم قسانە ئەوەیە لەدوای ئەو زنجیرە خۆپیشاندانەی كە ساڵانی رابردوو، ئەم چەند رۆژەش كرا، مادام خۆپیشاندانی مامۆستایان بووە بە كەرەستەی ململانێی نێو حزبە سیاسییەكان و یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كە سەندیكایەكە بۆ داكۆكیكردنی مامۆستایان دەنگ و نوزەی نەماوە، ئەوا بە هەزاران مامۆستا دەستگیربكرێت جگە لە هەناسە ساردی بۆ مامۆستایان هیچ سوودێكی نییە و لە بنەڕەتییشەوە مادەم كردیان بە كاڵایەكی سیاسی، دڵنیایی ئەدەمە مامۆستایان یەك هەنگاو مافیان ناڕواتە پێشەوە. ئەگەر یەكێتی مامۆستایان، داكۆكیكار بوایە ئەوا بێ هیچ سڵكردنەوە نوێنەرەكانیان پێش خۆپیشاندەران دەكەوتن و ئەو كارتەیان لەدەستی حزبەكان ئەسوتان.
بۆیە ئەمجارەش تێگەیشتم ئەم پیشەیە لەلایەن یەكێتی مامۆستایانی كوردستانەوە سوككراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group