قۆناغی دووەم سەرەی پێشمەرگەیە؟

ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

52 خولەک پێش ئێستا

لە ڕابردوودا، چەندین جار لەسەر پرسی پێشمەرگە، ناڕوونیی داهاتووی ئەم هێزە، خاوخلیچكی و نەچوون بە دەم بانگەوازی چارەنووسسازی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ یەكگرتنەوە و بەنیشتمانی‌كردنی ئەم هێزە، نووسیومە و قسەم كردووە. ئێستاش ئاماژەكان ئەوەمان پێ دەڵێن كە ئاسایی و چاوەڕوانكراوە ئامانجی دواتری پرۆسەی بەناوەندیكردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا، دروستكردنی فشار بێت بۆ سەر ئەم هێزە.
هەڵەیە ئەگەر وا بزانین پێشمەرگە، بەو شێوە و ژمارە و دۆخەی ئێستایەوە، گرەنتیی دەستووریی هەیە؛ چونكە لە دەستووردا تەنها ئاماژە بەوە كراوە كە هێزێك بە ناوی پاسەوانی هەرێم بوونی هەیە، بەبێ ئاماژەكردن بە ڕۆڵ، ژمارە، قەبارە، جۆری چەك و سروشتی پەیوەندیی ئەم هێزە لەگەڵ سوپا و هێزە چەكدارەكانی عێراق.
هەر بۆیە، ئەگەر ڕووداوە دراماتیكییەكانی ناوچەكە پرسەكە هەندێك دوا نەخەن، یاخود ڕەوتی ڕووداوەكان دۆخەكە بە ئاراستەیەكی تردا نەبەن، پرۆسەی بەناوەندیكردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا، لە قۆناغی داهاتوودا، لێدان لە ڕەمزەكانی سەربەخۆیی و سەروەریی هەرێم، لەوانەش هێزی پێشمەرگە، دەگرێتەوە.
هەوڵ دەدرێت ئەم هێزە ملكەچی دووبارە پێناسەكردنەوەیەكی یاسایی و دامەزراوەیی و ڕێكخستنەوە بكرێت، بە جۆرێك لەگەڵ ئەو عێراقە نوێیەدا كۆك بێت كە ئێستا كاری بۆ دەكرێت.
ڕوونە ئەم هەواڵە، لە سۆنگەی ئەزموونی تاڵی ڕابردوو لەگەڵ سوپای عێراق و خەونە بەدینەهاتووەكانەوە، بۆ زۆرینەی گەلی كوردستان دڵخۆشكەر نییە؛ بەڵام سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەكان، چاوەڕوانكراوە.
مامەڵەی دوو حیزبەكەش لەگەڵ ئەم هێزە لە قۆناغی ڕابردوودا و نەبوونی هیچ خوێندنەوەیەكی دووربینانە بۆ ئایندەی، بەداخەوە ڕێگەی بۆ ئەم كارە و زۆر شتی تریش خۆش كردووە.
دەزانم لێرەدا بوار هەیە زۆر دروشم و قسەی گەرم دەربارەی ئەم هێزە بكرێن، بەڵام بەداخەوە زۆر سوودیان نییە؛ چونكە گۆڕانكارییەكان و لەدەستدانی دەرفەتەكان لە ڕابردوودا، تا ڕادەیەكی زۆر، توانای بەكارهێنانی ئەم هێزەیان لەلایەن كوردەوە، وەك ئامرازێكی ستراتیژیی ملمڵانێ، لە چوارچێوەی پێدراوەكانی ئێستادا، سنووردار كردووە.
لە كۆتاییدا، پرسیارەكە ئەوەیە: داخۆ ئەوانەی تا دوێنێ نەیانتوانی، لە ڕێگەی یەكگرتنەوە و دووبارە ڕێكخستنەوەیەكی قووڵ و ڕاستەقینەی ئەم هێزە لە كاتی خۆیدا، گرەنتی و پشتیوانییەكی زۆرتری دەرەكی و ناوخۆیی بۆ ئەم هێزە پەیدا بكەن، لە ئێستادا دەتوانن ڕێگە لەم سیناریۆ چاوەڕوانكراوە بگرن؟

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group