گفتوگۆ بە تامی ژەهر

ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دیمەنەکە ڕوونە؛ ئەوەی ڕووی داوە، بەرهەمی ڕێککەوتنی نێوان فایەق زەیدان و عەلی زەیدی و تۆم باراکە، بە ئاگاداری وڵاتە هەرێمایەتییەکانی ناوچەکە. تەلەفۆنەکەی ئەمڕۆی تۆم باراک بۆ سەرۆکی حکوومەت و ئامادەیی بۆ ناوبژیوانی کردن لە نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتی و گفتوگۆ، تەواوکەری سیناریۆی ڕۆژانی پێشووترە، زۆر لەو واقیعە ناگۆڕێت کەخەریکە دەسەپێنرێت، لانی کەم لە چوارچێوەی پێدراوەکانی ئێستادا.
چوونکە، دوای بڕیارو داواکارییەکانی زەیدی و پێبەخشینی ڕەوایەتیی دەستووریی، لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە، هەموو باسکردنێک لە ناوبژیوانیی ئەمریکا و داواکردنی گفتوگۆ، دەچێتە چوارچێوەی قسەکردن میکانیزم و ڕێکارەکان وچۆنێتی جێبەجێکردنی ئەوەی بڕیاری لێ دراوە و مۆری دەستووریبوونیشی لێدراوە نەك بەبابەتکردنەوەی گفتوگۆی پرسە جەوهەرییەکان.
واتە، مەسەلەکە دەبێتە داواکردن لەوەی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکاندا تا دەکرێت هێز بەکارنەهێنرێت، بەڵکوو پەنا ببرێتە بەر گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی دووقۆڵی، یان ئەو پەڕی پەلە نەکرێت لە تەواو جێبەجێکردنی هەندێک داواکاری و بەجێهێشتنی بۆ قۆناغی داهاتوو؛ بەڵام ئاماژەکردن وئەگەری بەکارهێنانی هێزیش، بەتایبەتیش لەناوچە جێ ناکۆکەکاندا لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە
بەداخەوە ئەوگفتوگۆیەی دەبوو لەگەڵ خۆماندا بیکەین ونەمانکرد، ئەودووبارە پێناسەکردن وڕێکخستنەوەی پەیوەندییانەی دەبوو لەگەڵ دەوروبەر ئەنجامی بدەین و سپاردمان بە ئایندەیەکی نادیار، ئێستا دەبێت لەدۆخێکی نەخوازراودا وەك ژەهر تامی بکەین و لەپێناو کەمکردنەوەی قەبارەی زیانەکاندا ئەنجامی بدەین؟!
خۆشبەختانە هێشتا لەدوای خوا ئومێدێ ماوە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە شانسێکی نوێمان بخەنە بەردەم.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group