خەمیس خەنجەر، پیاوێك كاریگەرتر لە خەنجەر

هونەر تۆفیق

08/04/2018
خەمیس فەرحان عەلی خەنجەر، سەرمایەدار و سەرۆك هۆز و خاوەن دەزگای خێرخوازی و ڕاگەیاندن. تا سەرئێسقان فەلوجەیی و سوننی عێراقی. ئەختەبوتێكی پەلوپۆ بڵاو لە عێراق و هەرێمی كوردستان و قەتەر و ئەردەن و توركیا و میسر. پیاوێك تازە زاوای سەدام حسەین (مێردی ڕەغد) هاوڕێی سەرۆك و پادشا و میرەكانی كەنداوی عەرەبی. 
خەنجەر ئەوەی دەبێتە هاوڕێ ی ئابووری یان هاوڕێ ی سیاسی ئەو، یان پشتیوانیەكی گەورەی دارایی و سیاسی لەلای هێزە ئیخوانیەكانی دنیای عەرەبی بەدەست دەهێنێت یان لەلایەن شیعەكانی ئێران و عێراقەوە بەرە نەفرەت دەكەوێت و خەنجەر ئاسا دەیبڕنەوە.
ئەم پیاوەی كە پشتیوانی خۆی بۆ ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش ڕاگەیاند، تۆمەتبارە بەوەی لە كەوتنی موسڵدا ڕۆڵی گەورەی هەبووە، لەڕێگەی هەردووبرای هاوپەیمانیەوە(ئوسامە و ئەسیل) نجێفی، پلانی كەوتنی موسڵیان بۆ داعش داڕشتووە. خاوەنی هێزێكی چوار هەزار چەكداری سوننەیە لە دەشتی موسڵ-ڕومادیدا. پیشەنگی سەرۆك هۆزە سوننە توندڕەوەكانی فەلوجە و ڕومادی و موسڵ و تكریتە.
خەنجەر لەپرۆسەی سیاسی عێراقی دوای سەدامەوە داینەمۆی سیاسەتی سونەیە لە عێراقدا، بزوتنەوەی پرۆژەی عەرەبی لە عێراقدا بەڕێوە دەبات. چەند كەسایەتی ناوداری سیاسی عێراقی و پارلەمانتار و وەزیری لە حكومەتە جیاوازەكاندا هەبووە. ڕافیع عیساوی وەزیری دارایی پێشووی عێراق كە تۆمەتبارە بە گەندەڵی لە حكومەتی دووەمی مالیكیدا و نوێنەری ئابووری خەنجەرە لە هەرێمی كوردستاندا، نوێنەری سیاسی خەنجەربوو لە حكومەتی عێراقدا. عیساوی لەپاش تۆمەتباركردنی لەلایەن دادگای عێراقەوە، قەیرانێكی سیاسی گەورەی بۆ حكومەتەكەی مالیكی دروست كرد. نزیكەی سێ مانگ مانگرتنی سەرتاسەری ڕاگەیەندرا لە پارێزگاكانی سوننەدا. هەرێمی كوردستانیش نوێنەری خۆی بۆ پشتیوانی مانگرتنەكانی سونە ناردە لای عیساوی .هەر ئەو مانگرتنە گشتیەی پارێزگاكانی سونەبوو كە بەدوایدا زیندانی ئەبوغرێبی پێوە شكێنرا، نزیكەی هەزار ئەندامی دەستگیركراوی قاعیدە ئازادكران. دواتر چوونە ناو داعشەوە، بەیعەتیان بە ئەبوبەكر بەغدادی دا. داعش بەو هێزە، یەكی بەیەكیەی لە ئەبوغرێبەوە هەلهاتن زۆربەی پارێزگاكانی سونەی لە عێراقدا گرتە دەست.
خەنجەر دەزگایەكی خێرخوازی گەورەیە بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستاندا. بنكەی سەرەكی لەهەولێرە. سەرپەرشتی ئاوارە عەرەبە سونەكان دەكات لە هەرێمی كوردستاندا. كۆمەك و هاوكاریەكانی قەتەر و كوەیت و ئۆردن و خودی خەمیس جەنجەر و دنیای ئیخوان موسلمین دەگەیەنێت بە عەرەبە سونەكانی هەرێمی كوردستان . دەیان خوێندنگەی لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانیدا بۆ خوێندكارە عەرەبە سونەكان كردۆتەوە. دەیان كلینیك و نەخۆشخانەی خێرخوازی هەیە لە هەرێمی كوردستاندا. سەرپەرشتی تەندروستی عەرەبە سوننەكان دەكات. 
خەنجەر ئیخوانیەكی چالاك و دڵسۆزە لە جیهانی ئیسلامدا. لەپاش ئەوەی ئیخوانەكان لە میسر دەستەڵاتیان گرتە دەست. خەنجەر دەزگای تەلەفزیۆن و ڕادیۆی رافیدەینی پێشكەش كردن كە كۆمەڵەگایەكی ئیعلامی ئاڕاستەكراوبوون بەعێراق، بەڵام لەپاش پیشكەشكردنی لەلایەن خەنجەرەوە بە محەمەد مورسی، ئاڕاستەی ڕاگەیاندنەكە كرابۆ گەلانی میسر. هاوكات یەكێك لە دەزگا ئیعلامیە بەناوبانگەكانی عێراقی دامەزراند بەناوی فەلوجەوە كە ناودارترین و باشترین ئیعلامیەكانی سونەی عێراق كاری تیادا دەكەن.
خەنجەر پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بە هەولێر و سەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە. جگە لەوەی خۆی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا خوێندكاری كۆلیژی زانست بووە لە هەولێر، لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ بازرگانەكانی هەرێمی كوردستاندا بە هاوكاری عودەی كوری سەدام حسەین كۆنترۆڵی بازرگانی جگەرەی لەعێراقدا كردووە بە شەریكایەتی لەگەڵ بازرگانە كوردەكانی ئەو كەرەتە بازرگانیەدا.
 ئەو پەیوەندیە بازرگانیەی خەنجەر لەگەڵ هەولێردا بۆتە پەیوەندیەكی سیاسی لەهەردوو ڕۆڵی ئیخوانی سونیەوە بۆ پشتیوانی كردنی خودی خەنجەر و بزوتنەوە سیاسیەكەی لە پرۆژە سەربەخۆییەكەی مەسعود بارزانیدا بۆ كوردستان. یەكێكە لە عارەبە لایەنگرەكانی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانە كە دەبێتە تەواوكاری پرۆژەكەی خۆی، ئەویش جیاكردنەوەی سونەیە لە شیعەكانی عێراق.
 خەنجەر دەیان كەسایەتی سیاسی سونەی لە دادگای عێراق هەڵهاتووی لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی تر وەك ئوردن و ئیمارات و قەتەر جێكردۆتەوە. پشتیوانی بژێوی و سیاسیان دەكات وەك تاریق هاشمی، ڕافیع عیساوی و كۆنە بەعسیەكانی هەڵهاتوو لەدادگای داماڵینی بەعس لە عێراقدا. سەرپەرشتی ڕاستەخۆیان دەكات و لە بزوتنەوەكەیدا (پرۆژەی عەرەبی عێراق) ڕۆڵ و پێگەی سیاسی پێداون. 
لەماوەی ڕابردوودا یەكێك لە سیاسە ناودارەكانی كورد كە دۆستێكی نزیكی شیعەكانە، بەهۆی كۆبوونەوەی نهێنی لەگەڵ خەمیس خەنجەر و ئەیاد عەلاویدا، بەجۆرێك ئێران و شێعەكانی عێراقی لەخۆی زیزكردووە كە ئێران و شیعە گوتوویانە ئەو كۆبوونەوەیە خەنجەرێك بووە لە پشتەوە لە ئێمە دراوە. بۆیە خەمیس خەنجەر لەناو سیاسەتی عێراق و كوردستاندا پیاوێكە كاریگەرتر لە خەنجەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group