پەرلەمانی كوردستان ئازادیشمان لێ زەوت مەكەن

محەمەد فاتیح

17/08/2020

پەرلەمانی كوردستان بە پێشنیازەیاسایەك هەرادەنێتەوە و هەوڵی ئەوە دەدات ئازادیمان لێ زەوت بكات!.
لە مادەی یانزدەی پێشنیازەیاسای "رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی"دا هاتوە: "سەرنووسەری وێبسایت یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرپرسە لە ناوەڕۆكی ئەو بابەتانەی بڵاویدەكەنەوە. دەبێ بێبەرامبەر راستكردنەوە و وەڵام و بەدرۆخستنەوەكان لای خۆیان بڵاوبكەنەوە كە لە لایەن ئەو كەسایەتیە راستەقینە و مەعنەویی و دامودەزگا حكومی و ئەهلیانەی ناویان هاتبێ یان ناڕاستەوخۆ تۆمەتباركرابن. وەڵامەكان دەبێ لەو كاتەدا بڵاوبكرێتەوە كە خاوەن سكاڵا داوای دەكات و دەبێ راستكردنەوە و وەڵام و بەدرۆخستنەوەكە لە هەمان شوێن و بە هەمان زمان و هەمان قەبارە بڵاوبكرێتەوە كە بابەتە سكاڵا لێكراوەكەی تێدا بڵاوكراوەتەوە".
من زۆر بە راشكاوانە و شانازیەوە دەڵێم: تاكو ئێستا لەهیچ دەنگدانێكدا بەشداریم نەكردوە و دەنگم بەكەس نەداوە، لەبەرئەوە مافێكی زیاتر بەخۆم رەوا دەبینم كە باسی ئازادی بكەم و گلەیی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان و ئەو پەرلەمانتارانە بكەم، كە بە نیازن، ئازادیەكەشمان كۆتوبەند بكەن.
ئەی بۆچی هەوڵی ئەوە نادەن، رۆژنامەنوسان دەستكراوەبن لە بەدەستهێنانی زانیاری؟ بۆچی هێندە ئەوەندەی پەرۆشی كۆتوبەندكردنی ئازادین، هێندەی ئەوە پەرۆشی بەدیهێنانی ئازادییەكی رەهانین؟ باشە بۆچی هێندە لە ئازادی دەترسن؟
من دەزانم وەڵامی ئێوەی پەرلەمانتاران ئەوەیە: كە ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی رۆژنامەنوساندایە، بەڵام ئەگەر ئێوە بەرژەوەندیی ئازادیتان دەوێت لە هەرێمی كوردستاندا، دەبوو پێش هەمو شتێك، ئەو هەنگاوەتان بنایە، كە رۆژنامەنوس بتوانێت بەدواداچون بۆ گەندەڵی و تاوانەكان بكات و بتوانێت زانیاریەكان بەدەستبهێنێت و كەسیش رێگری لێنەكات.
تۆ كە ناتوانیت، رێگا بۆمن خۆش بكەیت زانیاری بەدەستبهێنم، ئەو یاسایەشم هەر ناوێت، كە پێتانوایە لە بەرژەوەندی ئێمەیە. ئەی بۆ هەوڵی ئەوەتان نەدا، یاسایەك دابنێن كە رۆژنامەنوسان نانبڕاونەبن و مافەكانیان دابین بكرێت و ژیانیان پارێزراوبێت؟ئێوە نوێنەری خەڵكن؟ یان نوێنەری خۆتان و حزبەكانتان و لایەنەكانتان و بەرژەوەندیەكانتانن؟
ئێوە چیتان دەوێ؟ دەتانەوێت بە دز بڵێین: گوڵ فڕۆش، بە گەندەڵ بڵێین: بەرژەوەندی گشتی دەپارێزێت! تاوانبار بكەین بە قارەمان و شەهید بكەین بە تاوانبار؟!
خۆ ئازادی قومرییەك نییە بیگرن و لە قەفەسی بنێن، خۆ ئازادی تاوانبارێك نییە لە سێدارەی بدەن و لەژێر خاكی بنێن، خۆ ئازادی جلوبەرگ نییە بەتەنافەوە هەڵیواسن، خۆ ئازادی سەگی هار نییە، بیبەستنەوە بە كۆت و ئاسن!
ئێوە دەتانەوێت زمانمان ببڕن و چاومان هەڵكۆڵن و پێنوسەكانمان داببڕن لە ئازادی!.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group