بۆنی سنەوبەرەكانی ئێرە و ئەوێ‌

هیوا عومەر

پێش 4 هەفتە
ڕووداوی سوتاندنی دارستانەكانی ئەمازۆن و ئەمریكا و ئوسترالیا و لوبنان كوردستان هتد ... سەرەڕای جیاوازی هەڵكەوتەی جوگرافی و هۆكاری سوتاندنیان، بەڵام ناتوانین بە دابڕاوی لە مەترسیەكانی سیستەم لەسەر مرۆڤ و ژینگەی گۆی زەوی بیانخوێنینەوە.
ئەگەر ئەوێ‌ رۆژێ‌ لای ماركس مرۆڤ گەورەترین سەرمایە بوبێت، بەڵام لە ئەمڕۆدا مرۆڤ و ژینگە گەورەترین كاڵایە و هەموو شتێك لەپێناو قازانج پەرەستیدایە. رووداو و گۆڕانكارییەكان راستە پچڕپچڕ و لە شوێنی جیاوازدان، بەڵام هەموویان لە پەیوەندییەكی تەواوكاری و دیالیكتیكیدان.
دوێنی قەیران و ئیفلاسی بانكەكان، ئەمڕۆش قەیرانی تەندروستی و ژینگە و كورتهێنانی بودجەی گشتی و نەمانی رۆڵی دەوڵەتە لە ژیانی جڤاكی، كە هەڵكشانی رێژەی بێكاری و هەژاری و دابەزینی داهاتی زۆرینەی تاك و نەمانی ئاسایشی ئابوری و كۆمەڵایەتییە لای زۆرینەی كۆمەڵگا، لێكەوتۆتەوە.
لەوەها دۆخێكدا و لە سایەی سەپاندنی پرنسیپی (كردنی هەموو شتێك بە كاڵا و قازانج پەرستی) لە ئەمڕۆدا دەبینین چۆن لە كوردستان و وڵاتانی سەرمایەداری لە بری ئەوەی دەوڵەت مافی بیمەی تەندروستی و چارەسەری پزیشكی بۆ توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا دابین بكات و بە ئەركی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی هەڵسێت، كەچی وەك هەلێك دەقۆزرێتەوە و بازرگانی پێوە دەكات و دەكرێت بە كەرتی تایبەت!.
هەر لە ئەمڕۆدا دارستانەكان لەمسەری دوونیا بۆ ئەو سەری گڕی تێبەردەدرێت و دواتر مافیای سیاسی و بازرگانەكان بەناوی وەبەرهێنان داگیری دەكەن. دیاردەیەكی نامۆنییە لەمڕۆی تاكپەرستی و نیولیبرالیزم، هەرشتێك بۆنی موڵكی گشتی و سودی گشتی لێ‌ بێت لەبەردەم مەترسی سوتان و داگیركردندایە، بەڵام هەموو موڵك و ماڵی سەرمایەدارەكان سەیڤ و پارێزراوە!.
سوتاندنی شاخی گۆیژە و دارستانەكانی تاسڵوجە لە سلێمانی و كەسنەزان لە هەولێر بەشێكە لە دیاردەی بێ‌ بایەخكردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی كە دەمێكە لە رێگای ئاودیوكردن و داگیركردنی گرد و زەوی و موڵكی گشتییەوە دەستیانپێكردوە.
بابەتەكە لە قسەكردن و پرسیاركردن لە بارەی ئەركی دەستەی ژینگەو پۆلیسی دارستان و چارەنووسی داهاتی سندوقی ژینگە و ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت بەناوی پاراستنی ژینگە چی بەسەردێت؟ گەورەترە. هاوكات بڵاوكردنەوەی لێدوانی جیاوازی بەرپرسەكان وەك وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان كە رایدەگەیەنێت "بەدواداچوونیان بۆ سووتانی سنەوبەرەكانی رێگەی تاسڵوجە - سلێمانی كردووە و بۆیان دەركەوتووە، پێشتر چەندینجار هەوڵدراوە ئەو ناوچەیە بكرێتە پرۆژە، بەڵام وەزارەتەكەیان رازی نەبووە". لەو لاشەوە شارەوانی بە پێچەوانەوە قسە دەكات . لە هەر رووداوێكی هاوشێوە چەندین لێدوانی دژ بەیەك و جیاواز دەبینین، كە تەنیا بۆ لابردنی تەركیزە لەسەر شوناسی دەسەڵات و ئەجێنداكەی .
رۆچونە ناو وردەكاری دەبێت بۆ بینینی وێنە گەورەكە بێت نەك ونكردنی، لەكاتێكدا ئەمان ماشێنێكی گەورەی راگەیاندنیان بۆ لێڵكردنی بینایمان لە بینینی وێنەگەورەكە لەكاردایە. گۆڕین و پاراستنی ژیان و ژینگەكەمان، ئەركێكە لە ئەستۆی زۆرینەكەدایە، سوتاندنی هەزاران دار لە گۆیژە و سنەوبەرەكانی تاسڵوجە و دارستانەكانی كەسنەزان لە هەولێر كە دەیان هەزار ساڵە رۆچونەتە زەوی، ناتوانێت سوڕی داری سەوزی ژیان و بۆنی سنەوبەرەكانی ئێرەو ئەوێ‌ بوەستێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group